مەلا هەڵۆ : خۆم بە خاوەنی ماریا هەورامی دەزانم و دەچم سەردانی دەکەم

14.08.2019

لڤین :

ئەو مامۆستا ئاینیەی لە چەن ڕۆژی ڕابردووە لە تۆمارێکی دەنگیدا ، هێرشی کردە سەر خاتوونی هونەرمەند  ( ماریا هەورامی ) ، داوای لێبوردنی لێ دەکات و خۆیشی بە خزمی ئەو دادەنێت.

هونەرمەند ماریا هەورامی لە یەکەم شەوی جەژندا نوێترین کلیپی خۆی بەناوی ( دڵەکەم ) بڵاوکردەوە و لەماوەی سێ ڕۆژی جەژندا کلیپەکەی ماریا، ملیۆنێک بینەری تێپەڕاند.

دوای بڵاو کردنەوەی ئەو بەرهەمە ، لە تۆمارێکی دەنگیدا کە بڵاوبووەوە ، مەلا هەڵۆ، باسی لە نویترین کلیپی ماریا هەورامی کردبوو و بەکارێکی ناشەرعی ناوی بردبوو، هەروەها ئاماژەی بەوەکردبوو " ئەوەی ئەو دەیکات لەشفرۆشیش کاری واناکات ".

ئەمرۆ ( چوار شەممە ، ١٤ ی ئابی ٢٠١٩ ) ، ئەو مامۆستای ئایینی، لە ڕوونکردنەوەیەکی دەنگیدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بەو قسانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرامبەر ماریا هەورامی کردبووی ڕایگەیاند " من سورم لەسەر ئەوەی کە ئەو شێوازە گۆرانی وتنە ناشەرعییە و پێچەوانەی شەرعی ئیسلامە، تا بمێنم هەوڵدەدەم پێش بەو کارە بگرم، بەڵام پەشیمانم لەو شێوە دەربڕینەی کە بەرامبەر ئەو خاتوونە بەکارم هێنا، چونکە هەم لەڕووی دینەوە و هەم لەڕووی عورفەوە هەڵەیە و دروست نییە ".

هەروەها ئەو مامۆستا ئاینییە ئاماژە بەوەش دەکات " داوای لێبوردن لە ماریا هەورامی دەکات و ئەویش هەرچییەکی هەیە دەتوانێت بچێت لە دادگا سکاڵا تۆمار بکات، ئامادەشە بۆ هەموو شتێک کە بەشێوەی یاسایی بەرامبەری بکرێت ".

سەبارەت بەو بەرگرییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ماریا هەورامی دەکرێت و هێرش دەکرێتە سەری، مامۆستاکە دەڵێت " پێویست ناکات کەس خۆی بکات بە خاوەنی ئەو خاتوونە و بەرگری لێبکات، چونکە ئەو خزمی نزیکی خۆمە و خۆم خاوەنی ئەوم، بەمزووانەش دەچم لەگەڵی دادەنیشم و قسەی لەگەڵ دەکەم و من بەرژەوەندی ئەوم دەوێت، بۆیە ئەو قسەیەم کردووە و ویستومە واز لەو کارە ناشەرعییە بهێنێت ".
سەبارەت بەوەی سوکایەتی بە هەورامییەکان کردبێت ، مەلا هەڵۆ ، ڕوونیکردووەتەوە " حەدم نییە کارێکی وابکەم، چونکە من خۆم هەورامیم، باوکم هەورامییە، شانازیش بە هەورامی بوونی خۆمەوە دەکەم ".

2813 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations