وادەی کۆتایی هاتنی شەپۆلی گەرما راگەیەندرا

11.08.2019

لڤین:

دەستەی كەشناسی عێراق رایگەیاند، شەپۆلی گەرما تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە عێراق بەردەوام دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق بڵاویکردوەتەوە" ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە پارێزگاکانی عێراق کردوە، کاریگەرییەکەی تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و دواتر کۆتایی دێت ".

دەستەکە ئاماژەی بەوەشکردووە " پلەکانی گەرما لە هەریەکە لە شارەکانی بەغداد و سەڵاحەدین و ئەنبار و كەربەلا دەگاتە ٤٥ پلەی سەدی، لە پارێزگاكانی موسڵ و دیالە و واست و كەركوكیش ٤٤ پلەی سەدی دەبێت ".
سەبارەت بە پارێزگاکانی هەرێم، دەستەکە ڕایگەیاندووە " لە دهۆك و سلێمانی و هەولێر پلەكانی گەرما لەنێوان (  ٤٠ بۆ ٤٣ ) پلەی سەدیدا دەبن ".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، دەستەی کەشناسی هۆشداری داوەتە هاوڵاتیان و داوا دەکات" لەکاتی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە یان روو لە شوێن و هەوارگە فێنکەکان بکەن بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر تەندروستییان نەبێت".

8543 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations