ئاسیاسێڵ پانۆرامای سلێمانی تەواوکرد

11.08.2019

لڤین:
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ پانۆرامای شاری سلێمانی تەواوکرد و دەشڵێت، پرۆژەکە هەر بریتی نییە لە كارێكی هونەریی ئەبستراكت، بەڵکو پانۆرامایەكی وێنەییە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی ئەم شارە، هەر لە دروستبوونییەوە تاکو ئەمڕۆ.

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، كۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە خەمخۆری و دڵسۆزییەوە دەستپێشخەریی كرد و جێبەجێ کردنی ئەم پرۆژەیەی لە ئەستۆ گرت كە هەر بریتی نییە لە كارێكی هونەریی ئەبستراكت، بەڵكو تابلۆیەكە پەیوەندی بە فەزای گشتی شارەكەوە هەیە و پانۆرامایەكی وێنەییە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی ئەم شارە، هەر لە دروستبوونییەوە تاکو ئەمڕۆ.

ئاسیاسێڵ دەشڵێت، دوای پێشکەشکردنی چەندین پرۆژە، لیژنەکە بڕیاردرا بە هەڵبژاردنی ئەم تابلۆیە کە چەندین ئایکۆنی شاری سلێمانی لەخۆدەگرێت، لە یەکەم ڕۆژی دروستبوونی شاری سلێمانی لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان و دروستكردنی قوتابخانەی فەیصەلیە، و بنیاتنانی مزگەوتی گەورە، هەروەها وێنەی کەسایەتی گەورە وناسراوی گەلەکەمان، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، و خۆپیشاندانەکانی بەردەرکی سەرای سەردەمی شێخی نەمر، هەروەها شاری جوان وەکو ئایکۆنێکی دیاری سلێمانی، و چیای پیرەمەگرون وەکو ڕەمزی خۆڕاگریی شارەکەمان، و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وە چەندین ئایکۆنی تر کە گوزارش لە سلێمانی دەکات.

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی و هەردوو هونەرمەند (رەئوف حەسەن حەمەئەمین، سەلیم عەزیز کەریم) دەكات کە هەر ئەو دوو هونەرمەندەش بوون پێشتر دیوارەکەیان نەخشاندبوو بە وێنە وتابلۆ کۆنەکان. 

1121 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations