سوریا دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکوری وڵاتەکەی ڕەتدەکاتەوە

08.08.2019

لڤین:

حكومەتی سوریا ، رێككەوتنەكەی ئەمریكا و توركیا پێشێلكردنی سەروەریی‌و یەكێتی خاكی سوریایە ، ڕێککەوتنێکی لەو شێوە رەتدەکرێتەوە.

ئەمڕۆ ( پێنچ شەممە ، ٨ی ئایاری ٢٠١٩ ) ، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی سوریا ( سانا ) ، سەرچاوەیەكی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی سوریا، رایگەیاندووە " كۆماری عەرەبی سویا بە رەهایی و بە تەواوەتی ئەو رێككەوتنە رەتدەكاتەوە كە لەلایەن ئەمریكای داگیركەر‌و توركیا دەربارەی ئەوەی پێدەوترێت ناوچەی ئارام راگەیەندراوە‌و ئەو رێككەوتنە دەستدرێژییەكی روون‌و ئاشكرایە بۆسەر سەروەری‌و یەكێتی خاكی سوریا‌و پێشێلكارییەكی ئاشكرای بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی‌و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانە ".

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەکەوە ئاشکرای کردووە کە " سوریا بەرپرسیارێتی ئەو رێككەوتنە دەخاتە ئەستۆی چەند لایەنێكی كورد‌ی و چەند لایەنێكی سوریا لە هاوڵاتیانی كورد كە قایل بوون ببنە ئامرازێك لەو پرۆژە شەرانێگڕزانەی ئەمریكا‌و توركیا، بەرپرسیارێتی مێژووی ئەو دۆخەیان دەكەوێتە ئەستۆو كاتی ئەوەیە بە حساباتی خۆیاندا بچنەوە بگەڕێنەوە بۆ باوەشی نیشتمان ". 

هەروەها سەرچاوەكەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا داوایەکی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و نەتەوەیەكگرتووەكان ، کردووە کە " ئیدانەی شەڕی ئەمریكا‌و توركیا بكەن كە زۆر مەترسیدارەو هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی‌و سەقامگیری ناوچەكە‌و جیهان‌و هەموو هەوڵێك بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ قەیرانی سوریا لەناودەبات ".

 

جیگەی ئاماژە پێدانە دوێنێ ( ٧ی ئایاری ٢٠١٩ ) وەفدی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ( پێنتاگۆن) لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەسەر دامەزراندن‌و بەڕێوەبردنی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا لەسەر چەند خاڵێک رێككەوتن.
خاڵەکانی رێككەوتنەكەی تورکیا و ئەمەریکا سەبارەت بە دروستکردنی ناوچەی ئارام :

* سەنتەرێكی هاوبەشی ئۆپەراسیۆن بۆ هەماهەنگی‌و بەڕێوەبردنی ناوچەكە لە ئەنكەرە دادەمەزرێنرێت.

* ناوچە ئارامەكە وەك رێڕەوێك بۆ ئاشتی دادەمەزرێت.

* رێوشوێنە پێویست بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سورییەكان دەگیرێتەبەر.

387 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations