كۆریای باشور، نزیكەی یەك ملیار دۆلار دەدات بە ئەمریكا

08.08.2019

لڤین: لوقمان غەفوور

ئەمریكا و كۆریای باشور بۆ زیادكردنی ئەو پاریەیە دەدرێتە ئەمریكا گەیشتونەتە رێكەوتن و كۆریای باشور نزیكەی یەك ملیار دۆلار دەداتە ئەمریكا. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، رایگەیاند، ئەمریكا تێچووی زیاتری دەوێت بۆ پارێزگاریكردنی هاوپەیمانی زەریای ئارام، بۆ ئەوەش سیئۆل بڕی 990 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی دەدات.

لەدوای تاقیكردنەوە موشەكییەكانی كۆریای باكور لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوەكردووە وتووێژەكانیان چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە لەگەڵ كۆریای باشور سەبارەت بەزیادكردنی بڕی ئەو پارەیەی دەدرێت بە ئەمریكا لەبەرامبەر بەرگریكردن لە كۆریای باشور.

ترەمپ ئەوەشی وتووە كۆریای باشور وڵاتێكی دوڵەمەندە و لەهەمانكاندا تەواو پابەندە بەهاوكارییە سەربازیی و رێكەوتنەكانەوە، وتیشی "لەئێستادا باشترین یەپوەندیمان لەگەڵ كۆریای باشور هەیە".

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باشور-یش ئەوەی ئاشكرا كردووە هەرچەندە تێچووی بەرگری زەریای ئارام نەكەوتۆتە بواری فەرمییەوە بەڵام پاش كۆبوونەوەی بەرپرسانی كۆریای باشور و ئەمریكا لە دوای سەردانەكەی جۆن بۆلتن-ی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆك ترەمپ لەمانگی رابردوو بۆ كۆریای باشور، گەیشتوونەتە رێكەوتن. 

زیادكردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن ترەمپ-ەوە لەكاتێكدایە ئەمریكا و كۆریای باشور ساڵی 2018 رێكەوتوون لەسەرئەوەی كە كۆریای باشور بڕی 850 ملیۆن دۆلار بداتە ئەمریكا و بۆ ساڵی 2019 ئەم بڕە بەرزكرێتەوە بۆ 924 ملیۆن، بەڵام ئەمریكا ئەم بڕەی بەرزكردۆتەوە بۆ 990 ملیۆن دۆلار. لەهەمانكاتدا كۆریای باشور ترسی لەوە هەیە كە ئەگەر ئەو بڕە نەدرێت، ئەوا ژمارەیەك لەو سەربازانە بكێشێتەوە كە ژمارەیان 28 هەزار و 500 سەربازە.

 


سەرچاوە: وۆڵ ستریت جۆرناڵ

307 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations