سلێمانی؛ پەیمانگایەکی جوانکاری داخرا

08.08.2019

لڤین:

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەھۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن، لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەت په‌یمانگایه‌كی جوانكاری خانمان دادەخات و سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت: شوێنەکە پابەندی مەرجەکانی کارکردن نەبووە بۆیە داخراوە.

لە راگەیەندراوێکدا قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی لیژنەی ئارایشتگاکانی سەربەلیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی  بەھۆی سەرپێچیکردن لە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن پەیمانگای ڕاوێژ بۆ جوانکاری ئافرەتان دادەخرێن.

قائیمقامیەت دەشڵێت؛ لەکاتی سەردانی لیژنەکە دەرکەوتوە پەیمانگای ڕاوێژ لە گەڕەکی ئەندازیاران بەناوی خوازراوی ئارایشتگایەکی تر کارەکانی ئەنجام دەدات و بڕوانامەی نێودەوڵەتی دەدات بە بەشداربوانی پەیمانگاکە کەبڕوانامەی نێودەوڵەتی لەکوردستان و عێراقیشدا بوونی نیە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی پەیمانگای ڕاوێژ دادەخرێت تا ئەوکاتەی پابەندی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن دەبێت.

299 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations