رێبوار تاڵەبانی: تا ئێستا كۆبونەوەی لیستی برایەتی بۆ دیاری كردنی پارێزگار ئەنجام نەدراوە

07.08.2019

لڤین: 

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە شاری هەولێرەوە رایگەیاند، كۆبونەوەی لیستی برایەتی تا ئێستا لەبارەی دانانی پارێزگاری كەركوكەوە كۆنەبووەتەوە ئەگەر كۆبونەوەش بكات دەبێت باس لە زۆر بابەتی تر بكات. 

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە ئێستا لە شاری هەولێر نیشتەجێیە رایگەیاند: بارودۆخی كەركوك لەبار نیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڵام چاوەڕوانین بەپێی بەرنامەكەی سەرۆك وەزیران "عادل عەبدولمەهدی" كەدەبێت دیاردەی سەربازی لەشارەكاندا نەمێنێت ئەوكاتە هەڵبژاردن بكرێت. 

ناوبراو لە دیدارێكیدا  راشیگەیاند "مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بەرنامەیەكیان هەیە لەڕێگای لیستی برایەتیەوە ئەو بەرنامەیە لەگەڵ لیستەكانی تر گفتۆگۆی لەسەر دەكرێت بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەك ئەنجامنەدراوە لەگەڵ ئەو لیستانەی تر چونكە هێشتا لیستی برایەتی خۆی كۆبونەوەی نەكردووە دەبێت لیستی برایەتی خۆی كۆبێتەوە لەناوخۆی خۆی بگاتە ڕێگایەك ئەوكات بەهەمان ڕێگا بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ لیستەكانی تر، وە هەتا كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش نەكرێت پارێزگاری نوێ بۆ كەركوك دانانرێت".

تاڵەبانی كە لەسەر پشكی یەكگرتووی ئیسلامی ئەو پۆستەی وەرگرتووە و ئێستاش بەرگری لە سیاسەتی پارتی دەكات بۆ شاری كەركوك لە دیدارەكەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتیشی: كۆبونەوەكان دەبێت باسی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بێت نەك پارێزگار دابنرێت، تا ئێستاش نەجمەدین كەریم پارێزگاری شاری كەركوكە دەبێت باسی بارودۆخی یاسایی "د.نەجمەدین " بكرێت وە دەبێت بارودۆخی كەركوك بەوجۆرە ئاسایی بكرێتەوە. 

ئەو بەرپرسە كوردە ئەوش باس دەكات "دانانی پارێزگار و لادانی ئەركی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە، بەڵام سەبارەت بە دیاریكردنی كاندید بۆ ئەو پۆستە لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە ئەوە بەتەنها ڕێكەوتنێكی سیاسیە".

113 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations