سەرۆكی هەرێم خەرجی چوار هەڵبژاردەی تۆپی پێی عەرەبی لە ئەستۆ دەگرێت

07.08.2019

لڤین:  
هەرچەندە یانەی دهۆك 6 ملیار دینار قەرزدارە، بەڵام سەرۆكی هەرێمی كوردستان خەرجی چوار هەڵبژاردەی عەرەبی لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا لە ئەستۆ دەگرێت. 

هەرچەندە یانە وەرزشیەكانی هەرێمی كوردستان تا ئێٍتاش لە قەیرانی دارایدا دەچین و زۆرینەی یانەكانی هەرێمی كوردستان پارەیەكی زۆر قەرزدارن، بەڵام نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، خەرجی چەند هەڵبژاردەیەكی پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا لە ئەستۆ دەگرێت.

بە وتەی عەبدولخالق مەسعود، سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق، "نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە خەرجی خواردن و مانەوەی هەڵبژاردە بەشدارەكانی كۆمەڵەی هەولێری پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا كە كۆمەڵەی دووەمە لە ئەستۆ بگرێت كە لە هەڵبژاردەكانی سعودیە، كوێت، ئوردەن، بەحرەین" پێكهاتووە.

لە ئێستادا زۆرینەی یانەكانی كوردستان لە رووی مادیەوە قەرزدارن و حكومەتی هەرێمیش هاوكاریەكانی بڕیون و ئەو یانانە بەو هۆیەوە ناتوانن گرێبەست و چالاكی وەرزشی ئەنجام بدەن، بەڵام سەرۆكی هەرێم تا ئێٍستا هیچ هاوكاریەكی بۆ ئەو یانانە رانەگەیاندووە، لە كاتێكدا بە وتەی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بۆ كەناڵی رووداوی نێچیرڤان بارزانی "ئەمە جاری یەكەم نییە نێچیرڤان بارزانی كاری لەم جۆرە دەكات و هاوكاریمان دەكات، پێشتریش یاریگای شەعبی لە بەغدا نۆژەنكردووەتەوە".

2509 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations