ئەندامێكی خولی پێشووی پەرلەمان: جینۆسایدی شەنگال دەرفەتێكە بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە

05.08.2019

لڤین: 

پەرلەمانتارێكی پێشووی كوردستان رایدەگەیەنێت، یادی جینۆسایدی شەنگال، دەرفەتێكە بۆ ئەوەی بڕیاری ژمارە 19ساڵی2014 تایبەت بە هێزەكانی پێشمەرگە جێبەجێ بكرێت و هێزەكانی پێشمەرگە لە حزب دورو بخرێنەوە. 

شێركۆ حەمە ئەمین، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: لە 2014/8/3 ، ئەوكات ئێمە، لەخولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بوین، لیژنەكانی پەرلەمان سەردانی مەیدانیمان دەست پێكردو بەرەكانی شەڕ و ئاوارەكانی شەنگالمان، لە شوێنەجۆراوجۆرەكان بەسەردەكردەوە و لە نزیكەوە قسەمان لەگەڵ دەكردن، توڕەیی و بێزارییان، لەدەست ئەو هێزانەی لەشەنگال بوبون وبێ بەرگری شارەكەیان چۆڵكردبوو بەسیمایانەوە دیاربوو بەئاشكرا قسەیان دەكرد، من هەر ئەوكات وتم، زۆردۆخەكەیان قورسە و بەئاسانی برینەكانیان ساڕێژنابێ و كورد بونیشیان دەكەوێتە مەترسیەوە.

ناوبراو كە ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان بوو لە نوسینێكیدا داوا دەكات "ئەوكات هەر لیژنەیەك ڕاپۆرتی ئەنجامی سەردانی خۆی ئامادەكردو لەدانیشتنێكی پەرلەماندا، كرانە بڕیارو ڕاسپاردە ودەرچوێنران و لەئاستی سەرۆكایەتی هەێم و پەرلەمان و حكومەتدا لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهات، بەڵام نەئەنجامیان هەبو، نەكەسیش بەرپرسیارێتی كەوتنی شەنگالی هەڵگرت و هێزی حیزبیش وەك خۆی مایەوە".

ئەو رونیدەكاتەوە كە ماوەی 10 رۆژ پێش كەوتنی شەنگال پەرلەمانی كوردستان هەردوو بڕیاری ژمارە 18و19 ی دەركرد، بڕیاری ژمارە 19 تایبەت بووە بە هێزەكانی پێشمەرگە لە خاڵی چوارەمیدا دەڵێت پێویستە سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە، لەماوەی6 شەش مانگدا، لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبخرێن، بەتایبەتی یەكەكانی 70  و 80ی یەكێتی و پارتی، ئێستا كە هەرسێ لایەنی دەسەڵات پارتی و یەكێتی و گۆڕان گوایە، لەسەر چاكسازی ڕێكەوتون، هەرسێكیان باسی یەكخستن و بەدامەزراوەییكردنی هێزەكانی پێشمەرگەدەكەن، باشترین كارێك لەم بوارەدا بیكەن، ئەوەیە ساڵیادی جینۆسایدی شەنگال بكەنە دەرفەتی جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 19ساڵی 2014و هێزی حیزبی كۆتایی پێ بهێنن".

89 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations