سەرژمێری ٢٠٢٠ی عێراق؛ سەری كورد و كەركوك دەخوات؟

04.08.2019

لڤین: چلانە قادر

حكومەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر ئەوەكردەوە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ سەرژمێری دانیشتوانی عێراق ئەنجام دەدرێت كە لە ساڵی ١٩٨٧ وە ئەنجام نەدراو، ئەمەش بەڕای چەندین بەرپرسی عێراق و هەرێم دەرگای كێشەیەكی نوێیە لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداد، كە ئێستا خۆیان لەكێشەی گەورەدان.

ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردو سەرۆكوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی ئامادەیی حكومەتی دەربڕی بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٠ دەستبكرێت بە سەرژمێری گشتی دانیشتوان، لەو نێوەندەشدا جەختی لەسەر ئەوەكردەوە كە دەبێت پڕۆسەكە بەشێوەی ئەلیكترۆنی ئەنجام بدرێت، داواشی لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان بەتایبەت پەرلەمان كرد بۆ چالاككردنی ئەو پڕۆژەیە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، وەزارەتی پلاندانانی عێراق و وەزارەتی پلانی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە ڕێكەوتوون ئامارگیرییەكە هەموو عێراق بگرێتەوە، لەناویشدا ئەو ناوچانەی كە دەچنە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستوری، بەڵام هیشتاش گومانەكان هەرماون، لەبارەی ئەوەی ئایا سەرژمێریەكە سیاسیەكان نایقۆزنەوە دژی كورد؟

كێشەی گەورە و بنەڕەتی بۆ ئەنجام نەدانی ڕاپرسی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ كێشەی نێوان نەتەوەكانی كورد عەرەب و توركان و ئاشوری دەگەڕێتەوە، كە ترسیان هەیە ئەم كارتە وەكو كارتێكی سیاسی دژیان بەكاربهێنرێت، ئەوەش سەرباری ئەوەی كە ئێستا لەوبارەیەوە كێشە لەنێوان هەولێر و بەغداد بۆ چاسەرەكردنی كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان لەچوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستوری بوونی هەیە.

كورد لەبەر ئەوەی شێوەژیانی لەخستنەوەی وەچەدا وەكو عەرەب نیە ئەوا ڕەنگە كێشەی ڕێژەی لەعێراق بۆ دروست بێت واتە ڕێژەی كورد كەمبكات لەعێراق

وەزارەتی پلاندانانی عێراق جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە، هەوڵیانداوە چارەسەری خانەی (نەتەوەیی) بكەن كە كێشەی نێوان لایەنەكانە بۆیە سەرقاڵی لادانی ئەو خانەیەن لەسەر ئیستمارەی سەرژمێرییەكە، دوای ئەوەی "هاوپەیمانی كوردستانی بەپێویستی زانی لەناو ئیستمارەكەدا ئەو خانەیە بوونی هەبێت بەڵام عەرەبەكانی كەركوك و نەینەوا ڕەتیانكردەوە.

سەرۆكی دەزگای ئامار عێراق زیا‌و عەواد كازم لەوبارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە ئێستا باشترین كاتە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان، بۆ زانینی دۆخی عێراق لەسەرجەم گۆشەكانەوە، شێوەی ژیان، تەندروستی و دووبارە بنیاتنانەوە، هەر ئامانجێكی دیكە لەم پڕۆسیەدا بتەوێت پێی بگەیت.

پێشتر وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بۆ ئەوەكردبوو، سەرژمێری دانیشتوانی ساڵی ٢٠٢٠ هیچ پرسیارێك لەبارەی باوەڕو نەتەوەوە ناكات، بەڵكو ئەوە داواكاری چەند پارتێكی ئاینیە، بەڵكو وەزارەت هەوڵدەدات ئەو كارە لە سەرژمێری دانیشتوان دوربخاتەوە.

ئەشار هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەوبارەیەو ڕایگەیاند: "بوونی خانەی نەتەوە لە سەرژمێری دانیشتوان هەندێك لەگەڵینی و هەندێكیش دژ، بەڵام ڕایەكی دیكەش هەیە بڕوای وایە شێوەی پرسیارەكە بگۆڕدرێت، وە لەماوەی ڕابردوودا وەزارەت هەوڵی چارەسەركردنی داوە ئەگەر لایەنەكان بگەنە ڕێكەوتن ئەوا كێشەیەكی ئاڵۆز نیە و چارەسەر دەكرێت".

ئێستا زیاتر لەهەموو كات لایەنە عێراقیەكان، سورن لەسەر ئەوەی سەرژمێری دانیشتوان ئەنجام بدرێت، بۆ دیاریكردنی شێوە ژیانی عێراق و بنیاتنانی بنكەی زانیاری هەموو عێراق وە زانیاری لەسەر ژمارەی دانیشتوانی عێراق.

ترسێك هەیە كە كورد لە سەرژمێری دانیشتوانی عێراق توشی هەڵدێر ببێت چونكە بەبڕوای بەشێك لە بەرپرسە كوردەكان، ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان كاریگەری تەواو دەكات لەسەر دیاریكردنی ڕێژەی كورد لەعێراق و ئەوەش واتای دیاریكردنی پشكی كورد كە لەدەستوری عێراق بە ١٧% دیاریكراوە، بەڵام بەرپرسانی عێراقی بڕوایان بەوترسە نیە بەتایبەت لەسەر ماددەی ١٤٠ی دەستوری، لە ئێستاشدا كێشەی گەورەی سەرژمێری لەنێوان هەولێر و بەغداد ئەم ماددەیەیە.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە هەر هەنگاوێكی حكومەتی عێراقی لەناوچە جێناكۆكەكان كاریگەری لەسەر ئەو ناوچانە نابێت

ڤیان سەبری پەرلەمانتای كورد لە پەرلەمانی عێراق، جەختی لەسەر ئەوەكردەوە بڕیاری كۆتایی دادگای فیدراڵی عێراق دەیسەلمێنێت ماددەی ١٤٠ی دەستوری وەكو خۆی دەمێنێتەوە ئەوەش ئیلتیزام دەخاتە سەر شانی حكومەتی فیدراڵی عێراق، ووتی: "واتای ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە هەر هەنگاوێكی حكومەتی عێراقی لەناوچە جێناكۆكەكان كاریگەری لەسەر ئەو ناوچانە نابێت".

بەڵام هێشتاش گومانێك هەیە لەنێوان كورد و عێراق لەبارەی پڕۆسەكەوە، چونكە تائێستا كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانە و بەدۆستی كورد وەسف دەكرێت، ناتوانرێت دڵنیایی بدرێت لەڕاستی و دروستی ئەو ژمارانەی لە سەرژمێری دانیشتوان ئەنجام دەدرێت لەكەركوك بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم و بەغداد گومانیان لە پڕۆسەكە هەبێت لەناوچەكانی ماددەی ١٤٠ ئەوا دان بە ئەنجامەكەی نانرێت، ئەوەش واتای شكستی پڕۆسەكەیە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەوبارەیەوە ترسی خۆ نەشاردووە لە ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان دەڵێت، "كورد لەبەر ئەوەی شێوەژیانی لەخستنەوەی وەچەدا وەكو عەرەب نیە ئەوا ڕەنگە كێشەی ڕێژەی لەعێراق بۆ دروست بێت واتە ڕێژەی كورد كەمبكات لەعێراق".

سەركەوتنی سەرژمێری دانیشتوان لەهەموو عێراق پەیوەستە بە ڕێكەوتنی هەموو تایفە و مەزهەبەكانەوە،  لەئەگەرێكدا ڕێكیش بكەون هێشتا گومانەكان ناڕەونەوە كە سەرژمێرییەكە بۆ پلاری سیاسی بەكارناهێنرێت.

509 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations