دوای پێنج ساڵ ئێزدیەكان ناهێڵن بەپرسە پارتیەكان بگەڕێنەوە شەنگال

فۆتۆ: ناسیح عەلی خەیات
03.08.2019

لڤین: 

بەرەبەیانی رۆژی 3/8/2014، ئەو رۆژە بوو كە بە تاریكی چەكدارانی داعش فەتوای قڕكردن و داگیركردن و كوشتن و بە كەنیزەكردنی ئێزدییەكانیان دەستپێكرد و حەفتاو سێیەمین فەرمانیان بەسەردا جێبەجێكردن.

ماوەی 5 ساڵ بەسەر ئەو كارەساتە تێپەڕیووە، هێشتا چارەنوسی هەزاران ئێزدی رفینراو و بە سەبایەكراو دیارنییە، لایەنە سیاسیە كانیش لە ركابەریدان لەسەر بەردنەوەی متمانەی ئێزدیەكان ئەوەشی هەستی پێدەكرێت زۆرینەی ئێزدیەكان متمانەیان بە حكومەتی هەرێم نەماوە بۆیە خۆیان هێزی سەربازیان دروسست كردووە و پەیوەندیەكانیان لەگەلچ حكومەتی عێراقی بەهێزترە بە بەراورد بە حكومەتی هەرێم. 

رۆژی 3/8/2014، شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری لە لایەن چەكدارانی داعشەوە هێرشی كرایەسەر و بەهۆی ئەو بۆشاییە سەربازییەی سوپای عێراق لە ناوچەكەدا جێیهێشتبوو، هاوكات بەرگرینەكردنی هێزەكانی پێشەمەرگە و بەرپرسەكانی پارتی دیموكرات لە ناوچەكە بووە هۆكارێك بۆ ئەوەی ژمارەی قوربانیە ئێزدیەكان زیاتر ببێت. 

ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق، 550 هەزار كەسە، بە گوێرەی دواین ئاماری نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی بە هۆی پەلاماری داعشەوە 360 هەزار كەس ئاوارە بوون، تەنها لە رۆژانی یەكەمی پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال یەك هەزار و 293 كەس گیانیان لەدەستدا.

هێزەكانی پێشمەرگە كە لەلایەن بەرپرسانی پارتیەوە لەو ناوچەیە سەرپەرشتی دەكران هیچ بەرگریەكیان نەكرد پێش ئەوەی خەڵك لە شارەكە دەربچێت ئەو هێزانە شارەكەیان چۆڵكرد

لەكاتی هێرشەكەی داعش بەشێكی زۆری ئەو خەڵكە لە ترسی ئەو چەكدارانە روویانكردە چیای شنگال و لە هەر چوار لاوە گەمارۆدران و بێ ئاو و خواردن مانەوەو چەندین كەس بەهۆی تینوێتی و برسێتی و نەخۆشی لە رۆژەكانی یەكەمدا گیانیان لە دەستدا.

سوپای عێراق لە موسڵ و تكریت و ناوچەكانی خواروو و رۆژئاوای كەركوك و دیالە شكستیان هێنابوو و بێ شەڕكردن زۆربەی ئەو ناوچانەیان رادەستی چەكدارانی داعش كرد، هەر بۆیە بۆشاییەكی زۆری سەربازی لە ناوچەكانی شنگالیش دروست بوو، دواتر بە هەمانشێوە هێزەكانی پێشمەرگە كە لەلایەن بەرپرسانی پارتیەوە لەو ناوچەیە سەرپەرشتی دەكران هیچ بەرگریەكیان نەكرد پێش ئەوەی خەڵك لە شارەكە دەربچێت ئەو هێزانە شارەكەیان چۆڵكرد بەشێكی گەورەش لە زیاد بونی قوربانیەكە بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە ئەو هێزانە پێش خەڵك لە شارەكە رایانكرد بێ ئەوەی هیچ بەرگریەك بكەن. 

تا ئێستا 80 گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزدیەكان دۆزراوەتەوە، ئەوە جگە لەوەی كە لەو ماوەیەی داعش لە ناوچەكەدا بوو 68مەزارگە و شوێنە ئاینییەكانی تەقاندەوە، 6 هەزار و 417 كەسیشی رفاند كە تا ئێٍستا چارەنوسی 3 هەزار و 509 كەسیان دیاری كراوە.

بەرپرسانی پارتی حاشا لەوە دەكەن كە بەرگریان نەكردبێت و هەمیشە لە بەرامبەر ئەو رووداوانەدا دەڵێن، ئەو هێزانەی سوپای عێراق كە لەو ناوچەیەدا بوون، بەرگرییان نەكرد و پۆلیس و ئەو هێزەی پێشمەرگەش كە لەو ناوچانەدا بوون، بەهۆی پەراوێزخستنی بەردەوامی حكومەتی عێراق نەیانتوانی بەر بەو هێرشە فراوانەی داعش بگرن.

چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو كرایەوە كە تیایدا خەڵك و رۆژنامەنوسەكان داوا دەكەن هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچەیە بەجێنەهێڵێت تا خەڵكی دەڕۆن بەڵام پێش خەڵك هێزەكانی پێشمەرگە دەڕۆن

ئەو قسانە لە كاتێكدایە چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو كرایەوە كە تیایدا خەڵك و رۆژنامەنوسەكان داوا دەكەن هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچەیە بەجێنەهێڵێت تا خەڵكی دەڕۆن بەڵام پێش خەڵك هێزەكانی پێشمەرگە دەڕۆن. 

 بە گوێرەی ئاماری نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوان تا ئێٍستا زیاتر بە 100 هەزار كەس بۆ دەرەوەی وڵات رەویان كردووە، ئەو هێرش و كوشتوبڕەیان بە كوشتوبڕ و فەرمانی ژمارە 73 ناوبرد كە بە درێژایی مێژوو بەسەر كوردانی ئێزدیدا هاتووە.

لە رۆژی 15-8-2014 داعش، كاتژمێری 11ی پێش نیوەڕۆ دڕندانەترین تاوانیان لە دژی دانیشتوانی ئێزیدینشینی گوندی كۆچۆ ئەنجامدا، بەبڕیاری داعش والی موسڵ بەناوی (ئەبو لەیس)، كە ناوی راستەقینەی(رزوان تالب حەمدون)ەو بە رەچەڵكیش خەڵكی موسڵە. لەتاوانی كۆمەڵكوژكردنی دانیشتوانی كۆچۆ نزیكەی “500” گەنج و پیرو لاو لە رەگەزی نێر لە چەند شوێنێكی جیاجیا كۆمەڵكوژكراون و ژێدەرو سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن لە 16 گۆڕی بە كۆمەڵدا ژێرخاك كراون. ئەمە جگە لە رفاندن و بەسەبایەكردنی سەدان لە ژن و كچەكانیان و دەستدرێژیكردنە سەریان و فرۆشتن و سەوداكردنی نامرۆڤانە پێیانەوە لە بازاڕەكانی موسڵ و سوریادا.

دوای ئەو هێرشانە و بەجێهێشتنی پارتی دیموکرات،  پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوای كوردستان لە دوو لای جیاوازەوە بەهانای ئێزدیەكانەوە چوون و ژمارەیەك گەریلای پەكەكە بەرە و چیای شەنگال رۆشتن و بۆ پاراستنی ئەو ئێزدیانەی لە چیاكە گیریان خواردبوو، داعش بەهۆی رووبەڕبونەوەی گەریلاكان و شەرڤانانەوە لەو ناوچەیە ئاستەنگی بۆ دروست بوو نەیتوانی بە هەمان شێوەی رۆژەكانی سەرەتا هێرش بەرە و چیاكە بەرێت بۆیە كێشەی خواردن و ئاو لە چیاكە دروست بوو تا ئەو كاتەی هێزەكانی هاوپەیمانان توانیان خواردن و ئاو لە رێگای فرۆكە و كۆپتەرەوە بگەیەننە ئاوارەكانی چی شەنگال. 

رێڕەوێك بۆ رزگاركردنی خەڵكی گیرخواردووی سەر چیاكە لە هەموو لایەكەوە خرابووەگەڕ، نزیكترین رێگەش كردنەوەی دەروازەیەك بوو لە سنووری رۆژئاوای كوردستان و لەوێشەوە هێنانەوەی ئەو خەڵكە بۆ باشووری كوردستان و پێشوازیكردنیان لە كەمپ و خێوەتگاكاندا.

لەداوی ئەوە بە هاوكاری پەكەكە بەشێك لە ئێزدیەكان هێزێكی سەربازیان دروست كرد كە بە ناوی یەكینەكانی ژنانی شەنگال و یەكینەكانی پاراستنی شەنگال  خۆیان راگەیاند، دواتریش رۆڵێكی بەرچاویان هەبو لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شەنگال و پەیوەندیان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی و حەشدی شەعبی دروست كرد.  

لە داوی مانەوەی زیاتر لە دوو ساڵ پەكەكە بەشێوەیەكی فەرمی ئەو ناوچەیەی چۆڵ كرد بەڵام لە رێگای ئەو هێزانەی ئێزدیەكانەوە پەیوەندی هەرمایەوە. 

لەرۆژی 14/11/ 2015 سەنتەری قەزای شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری كۆنترۆڵ كرایەوە‌، بەڵام رێگا نەدرا یەكە ئیداریەكانی پێشووتری شارەكە بگەڕێنەوە بە پشتیوانی پەكەكە خەلكی شەنگال بە خۆپیشاندان رێگریان لە قایمقام و بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە نەدا بەهۆی ئەوەی لە كاتی فەرمانی سەر شەنگال ئەوان خەڵكی ناوچەكەیان بەجێهێشت بوو. 

كارەساتی شەنگال دابەشبونی زیاتری لەناو ئێزدیەكان دروست كرد لە كاتێكدا پێشتر زۆرینەی زۆری ئێزدیەكان وەك لایەنگری پارتی هەژمار دەكران

دوای 5 ساڵ لەو جینۆسایدكردنی خەڵكی ناوچەكە، هێشتا ناوچەكانی شنگال نەگەڕاونەتەوە دۆخی ئاسای پێش داگیركاریی، هێشتا ژمارەیەكی زۆری ئێزدییەكان لە ژێر دەستی چەكدارانی داعشدان و چارەنوسیان نادیارە، بەشێكیشیان نەگەڕاونەتەوە لە كەمپ و شارەكانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن. 

شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری 70% یان ئێزدی بوون و نزیكەی 20% كوردی موسڵمان و 10%شیان عەرەب و كریستیانەكان بوون، كارەساتی شەنگال دابەشبونی زیاتری لەناو ئێزدیەكان دروست كرد لە كاتێكدا پێشتر زۆرینەی زۆری ئێزدیەكان وەك لایەنگری پارتی هەژمار دەكران بەڵام دوای ئەو كارەساتە بونە چەندین ڕای جیاواز بەشێك لە ئێزدیەكان كە لە ئەوروپا نیشتەجێبوون بەخۆیان دەڵێن تەنها ئێزدین و كوردبونیان لەخۆاین كردووەتەوە، بەشێكیتریشیان بەهۆی پشتیوانی پەكەكە لە كاتی كارەساتەكە بونە لایەنگری ئەو حزبە و خۆیان بە گەلی ئێزدی دەناسێنن، بەشێكیتریشیان هەر لەگەڵَ پارتی مانەوە ئەوانە بوون كە لە بەرپرسانی ئیداری و سەربازی پارتی نزیك بوون، بەشێكیش لە ئێزدیەكان لەگەڵ یەكێتی بوون و ئەوانە وەك دەنگی دووەم مانەوە. 

837 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations