جەوهەر هەركی ; چیتر سازش بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم ناكەین

29.07.2019

لڤین:

سەرۆكی عەشیرەتی هەركی پەیامێك ئاراستەی گەنجامی عەشیرەتەكەی دەكات ، هەروەها هۆشداریش دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان .

دەقی پەیامەکە:

بسم اللە الرحمن الرحیم

( وقل اعملوا فسیری اللە عملکم ورسولە و المومنون و ستردون الی عالم الغیب والشهادە فینبئکم بما كنتم تعلمون ) 

نامەیەک لە جەوهەر محیەدین ئاغا هەرکیەوە بۆ گەنجان ولاوانی

عەشیرەتی هەرکی
دوای ڕێزو سڵاو...

گەنجانی عەشیرەتی هەرکی بە وردی نامە سەنگین و کاریگەرییەکەی ئێوەم خوێندەوە، کاتێک نامەکەتانم بینی دڵم جارێکی تر بریندار بوو چونکە بەڕاستی کاریگەربوو، بۆیە دەبێت ئەوە بزانن کە دوای کۆچی دوای باوکم و کاتێک بەرپرسیارەتی عەشیرەتەکەمانم گرتە ئەستۆ بەڵێنم دا بەخۆم کە هەموو قوربانیەک بدەم لە پێناو بەدەستهێنانی مافی عەشیرەتەکەمان، بۆیە دەبێت لاتان ڕوون بێت ئێمە لە پێکهاتەیەکی نمونەیی کۆمەڵگا پێکهاتوین لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڤیان و میهرەبانی و لێبوردن و سەکەوتن پەروەردە کراوین،هەموو بەها جوانەکان و پەرەنسیپ و ڕەوشتە جوانەکانی ژیان لە ئێوەوە بە میرات بۆم ماوەتەوە، گەنجان و ڕیش سپی و پیاوماقوڵانی هەرکی وەک دیارە بە درێژایی ساڵانی ڕابردو، و مێژووی خەباتی گەلی کوردستان و بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، ئێوە شان بەشانی خەباتگێڕانی گەلەکەمان خزمەتتان کردوە، هەموو کات ئێوە وەک عەشیرەتی هەرکی پێشەنگ بوونە و بەردەوام ڕۆڵێکی نمونەیی و کاریگەرتان گێڕاوەو لەو پێناوەش دا قوربانی زۆرمان داوە...
ئێوە هێماو سەرچاوەی چاونەترسی و هێزو سەرفرازین.

دەمەوێت هەموو گەنجان و لاوان و پیاوماقولانی هەرکی دڵنیا بکەمەوە من هیچ کاتێک تەسلیمی ئەو واقعەی ئێستا عەشیرەتەکەم پیادا دەرباز دەبێت نەبوومە کە بە زۆرەملێ بەسەریدا سەپێنراوەو ئیتر بەهیچ شێوەیەکیش ناهێلم عەشیرەتی هەرکیش بەم واقعە تاڵەدا بڕوات، ئێمە کەم نین و کەمیشمان نەکردوەو درەنگیش نەهاتوین و بەردەوام دەبین و بە ئیرادەی خۆمان بەرەو پلان و ئامانجەکانمان دەچین. سەرەڕای ئەو زوڵم و ستەمای لە ئێمە دەکرێت بەڵام پەنا بەخوا ئیتر ڕێگا نادەین بە هیچ کەس و لایەنێک ستەممان لێ بکات.
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان
گەنجانی خوێن گەرمی هەرکی
مخابن بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو مافی خەلکی عەشیرەتی هەرکی پێشێل دەکرێت و ستەم و زوڵمیش هەر بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی کە لە ئابی ٢٠٠٢ و کاتێک حکومەتی عێراق لە لوتکەی دەسەڵاتدابوو لەبەر بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بەگشتی و مافی هەرکیەکان بەتایبەتی عێراقم بەجێهێشت و لەیەکەم هەنگاودا لەگەڵ سەرکردەکانی کوردستان بەنهێنی کۆبووینەوە...
هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٣ جارێکی تر ئێمە لەگەڵ ئەوان دا کۆبووینەوەو بۆ ئەووی هیچ بیانویەکیان نەبێ سەرەنجام هەموو چالاکییە سیاسیەکانی حیزبەکەم ڕاگرت، بۆیە لە ساڵی ٢٠١١ بۆ ئەوەی مافە زەوتکراوەکانمان بگەڕێنەوە بڕیارم دا بە تەواوەتی هەموو چالاکیە سیاسیەکانی حیزبی و سیاسی ڕابگرم لە پێناو پێدانی ماف و ئیمتیازی عەشیرەتی هەرکیەکان و گەڕاندنەوەی زەوییە داگیرکراوەکان، بەڵام هیچ هەنگاوێکی جددیمان نەدیت بۆ گەڕاندنەوەی مافە ڕەوایەکانی عەشیرەتی هەرکی، بەڵکو زوڵم و ستەمی خۆیان زیاتر کردو موڵک و زەویەکانمانیان داگیرکرد.
جگە لە داگیرکردنی زەویەکانمان زیندانەکانیشیان پڕ کردوە لەو کەسانەی کە بەرگریان لە مافی عەشیرەتەکەمان دەکرد، کەچی بیریان چو ئەو کەسانەی زیندانی کراون لە شنگالەوە تا ڕۆژئاوای کەرکوک ڕۆژانێک دژی داعش لەسەر ئاستی هەموو میحوەرەکان دەجەنگان...
دەسەڵاتدارانی هەرێم وا دەزانن ئێمە ڕادەست دەکەین یان تەسلیم دەبین، پێیان دەڵێین نەخێر چیتر سازشتان بۆ ناکەین.
بۆیە بۆ لەمەو بەدواوە ئیتر ئەم ستەمە قبوڵ ناکەین و من کەسایەتیەک بە وردی بەدواداچون دەکەم.
ئەگەر زوڵم و ستەم لە یەک کوڕی عەشیرەتەکەم بکرێت وەک ئەوە وایە ستەم لە جەوهەری کوڕی محێ ئاغاو هەموو هەرکیەکان کرابێت و ئیتر ئەوەی کراوە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبولکردن نییە.
داوام لە کوڕانی عەشیرەتی هەرکی ئەوەیە کە دەست لەناو دەست یەکڕیزو یەکگرتوو بن و ئێمە بە یەکگرتن زیاتر بەهێز دەبین و کەس لە ئێوەی هەرکی چاکترو باشتر نییە.
دەبێت بۆ هەموو لایەک پیشان بدەین کە هەرکی یەکگرتوو هاوکاری یەکترن.
خەڵکی عەشیرەتی هەرکی داواتان لێ دەکەم پشو درێژبن و یەکڕیزیتان بپارێزن و سەرکەوتن زۆر نزیکە...
گەنجانی هەرکی...
دەسەڵاتی هەرێم وا بیر دەکاتەوە ئەگەر زەوی داگیرکراوەکانمان بۆ بگەڕێنێتەوە وەک ئەوە وایە مافی پێدابین، بەڵام بیریان چوە بەهەزاران گەنج و لاوی هەرکی بەرزترین ئاستی خوێندنیان تەواو کردوە کەچی لە هیچ و پلەو پایەیەکی حیزبی و ئیداری دا جێگایان نەکراوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوان تەنها بۆ هەڵبژاردن یان ئەو کاتانەی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان دەکەوێتە بەر مەترسی بیری ئێمەیان دەکەوێتەوە، بۆیە دەبێت گەنجانمان لە هەموو پلەو پایەیەکدا بن.

تێبینی:- بزاڤ و پەیامی دلخۆشکەر و مزگینی بەخش بەڕێوەن پەنا بەخوای گەورە.

لەگەڵ ڕێزو سڵاوم بۆ هەمووتان
جەوهەر محیەدین هەرکی

10629 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations