یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە

29.07.2019

لڤین: 
یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەبارەی هێرشەكانی ئێران بۆسەر گەریلاكانیان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند تەنها خۆمان دەپارێزین. 

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ناسراو بە (یەرەكە) ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "دەوڵەتی ئێران لە مەیدانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ماوەیەكە دژی هێزەكانی ئێمە دەستی بە ئۆپەراسیۆن كردووە، لەو چوارچێوەیەدا هەوڵدەدات گورز لە گەریلاكانمان بوەشێنێت، بۆیە ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە لە ناوچەی كۆساڵان-ی سەربە هەورامان دژی هێزەكانمان دەستی بە ئۆپەراسیۆن كرد".

ئەو هێزانە راشیانگەیاند "دوابەدوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە، پێكدادانێكی كورت دروست بوو، هێزەكانی ئێمە هەوڵیاندا ئەو ڕوبەڕوبونەوە ڕونەدات، بەڵام لەچوارچێوەی خۆپاراستندا وەڵامی هێرشەكەی دوژمنیان داوەتەوە".

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەكەدا دەشڵێت "لەو پێكدادانەدا ژمارەیەك لە سەربازانی دوژمن كوژران و بریندار بوون، دوژمن لە ڕاگەیاندنی خۆیاندا تەنیا یەك كوژراوی ڕاگەیاند، ئەمە دوورە لە ڕاستی، بەڵام ژمارەی كوژراو وبریندارەكانی دوژمن لای ئێمەش ڕون نەبووەتەوە، دوای ئەو پێكدادانە دووژمن بێ ئەنجام لە ناوچەكە كشایەوە و كۆساڵانی دایە بەر تۆپباران، كە لە ئەنجامیدا زەوی و زاری هاوڵاتیان ئاگری تێبەربوو و زیانی مادیی لێكەوتەوە".

652 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations