پیلانەكەی توركیا دژی ڕۆژئاوای كوردستان؟

28.07.2019

لڤین: سەنگەر سەید قادر
بەشێك لە ڕاگەیاندنی كوردی و نوخبەی سوشیاڵ میدیا بێ ئاگا لە مەترسیەكانی پیلانی توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام  وەها پێناسەی ناوچەی ئارام دەكەن كە بۆ پاراستنی كوردە، بەڵام ئەم تێگەشتنە هەڵەیە، چونكە ئەم ناوچەی ئارامە هاوشێوەی بڕیاری ٦٨٨  ساڵی ١٩٩١ ئەنجومەنی ئاسایش نیە بۆ پاراستنی كورد لە باكوری عێراق (باشوری كوردستان) دەركرا.

پیلانەكەی توركیاچیە؟

ئەم ناوچە ئارامەی توركیا داوای دەكات دروستكردنی ناوچەكی داماڵدراوە لە چەك و هێزەكانی سوریای دیموكرات بە قوڵای ٤٠ كیلۆمەتر لە  قوڵای ڕۆژئاوای كوردستان كە دەسەڵاتی بەسەر ٥٠ كیلۆمەتری تردا بێت بەوەش دەبێت بە ٩٠ كیلۆمەتر لە قوڵایی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان دا  بە درێژایی سنور ڕۆژئاوای كوردستان و توركیا كە  ناوچە ئارامەكە دەكاتە سەدا ٧% خاكی ڕۆژئاوای كوردستان و چەندین شاری گرنگی وەك كۆبانێ دەكەونە سنوری ناوچەی ئارامەوە.

پێشنیار و هەڵوێستی ئەمەریكا چیە؟

ناكۆكی سەرەكی توركیا و ئەمەریكا لەسەر دروستكردنی ناوچەی ئارام بریتیە لەوەی ئەمەریكا پێشنیاری كردوە ناوچەی ئارام تەنها بە قوڵای ٥ كیلۆمەتربێت و ئاوارە سوریە عەرەبەكانی تێدا نیشتەجێ نەكرێت و تەنها ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك و هێزبێت و دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ڕانەگوێزرێنەوە و ناوچە ئارامەكە لە ژێر كۆنترۆڵی هاوبەشی توركیا و ئەمەریكا و هێزە ئەوروپیەكاندا بێت و چەند دەروازەیەكی سنوری بازرگانی لە نێوان ڕۆژئاوا و باكوری كوردستاندا كراوەبێت.

ئامانجی توركیا چیە لە دروسیكردنی ناوچەی ئارام؟

١- ئامانجی توركیا لە دروستكردنی ناوچەی ئارام  پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی و دزەكردنی چەكدارانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و بچڕاندنی هەرجۆرە پەیوەندیەكە لە نێوان پەكەكە و ئەو هیزانەدا بەڵام ئەمە ئامانجە ئاشكراكەیە.

٢- ئامانجی شارەوەی توركیا لە دروستكردنی ناوچەی ئارام بریتیە لە دابڕینی كوردانی ڕۆژئاوا و باكوری كوردستان لە یەكتر لە ڕووی كۆمەڵایەتی ڕۆشنبیریەوە.

٣- نیشتەجێكردنی هاوڵاتیانی ئاوارەی عەرەبی سوریا لەوناوچەیە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە سنوریەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستان.

٤- خنكاندنی ئابوری ڕۆژئاوای كوردستانە لە ڕێگەی بەتەواوی داخستنی سنورەكانی توركیا و ڕۆژئاوای كوردستانەوە و ڕێگری كردنە لە هەرجۆرە بازرگانیەكی یاسایی و نایاسایی لە نێوان باكور و ڕۆژئاوای كوردستاندا.

٥- ئامانجێكی تری توركیا بریتیە لە وشكردنی سەرچاوەی كشتوكاڵی ڕۆژئاوای كوردستان چونكە ئەو ناوچە سنوریانەی ڕۆژئاوا و باكوری كوردستان بەپیترین خاكی كشتوكاڵین.

 ئەمانەو چەندین ئامانجی ستراتیژی تری پەیوەست بە ناوخۆی توركیا و پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریكا، هۆكاری سوربونی توركیایە لەسەر دروستكردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای كوردستان.

لەمێژووی كوردا دروستكردنی ناوچەی ئارام و ڕاگواستنی هاوڵاتیانی كورد نوێ نیە و لە سەردەمی بەعسدا و لە دوای ڕێكەوتنامەی جەزائیر عێراق دانیشتوانی كوردی ناوچە سنوریەكانی عێراق و ئێرانی لە نێوان ساڵانی ١٩٧٨-١٩٨٨ ڕاگواست و لە كۆمەڵگا نیشتەجێبونی نزیك لە شارەكان نیشتەجێی كردن. 

بەوەش هەزاران گوندی چۆڵكرد و دیموگرافیای كۆمەڵایەتی و ئابوری كوردستانی گۆڕی و كەرتی كشتوكاڵ و بەروبومی ئاژەڵی  لەناوبرد و  كۆمەڵگای بێكار و تەمەڵ و دەستەمۆكرد كە كاریگەریە خراپەكانی هەتا ئێستاش بە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و كەرتی ئابوری و كشتوكاڵی و پەروەردەیی كۆمەڵگای كوردیەوە دیارە.

939 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations