سەرۆکی ھەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر ھەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان کرد

24.07.2019

لڤین:
جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمرۆ یاخود سبەی وادەی پەسەندکردنی یاسای هەموارکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە تەواو دەبێت، بەڵام تا ئێستا لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ پەرلەمان.

عەباس فەتاح، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە (لڤین پرێس)ی راگەیاند، رەنگە واژۆی لەسەر هەمواری پرۆژەکە کردبێت، چونکە ماوەکەی تەواو بووە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ پەرلەمان، ئەگەر سەرۆکی هەرێم لە ماوەی ئەو 15 رۆژەدا واژۆ لەسەر یاساکە نەکات، ئەوا بە پەسەندکردن هەژماردەکرێت و کاریپێدەکرێت.
  
هەر سەبارەت بەو پرسە ،کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاندوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان  لەم دوو ڕۆژەی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی واژۆی لەسەر ھەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان کردووە.

 لە دوای بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان، پەرلەمان یاساکە دەنێرێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان و کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنەکە دەست پێ دەکەنەوە.

رۆژی 23-6-2018 وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات، بەڵام پەرلەمانی کوردستان لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە دەنگی زیاتر لە 80 پەرلەمانتار بە هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 3ی ئەنجومەنی پارێزگاکان گۆڕانکاری لە دانانی پارێزگار کرد و هاوکات تەمەنی یاسایی ئەنجومەنەکانیشی درێژکردەوە.



235 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations