مەراسیمی ساڵیادی سۆرانی مامە حەمە بەرێوە چوو

21.07.2019

لڤین: 
ئەمڕۆ مەراسیمی یازدەهەمین ساڵیادی تیرۆر كردنی شەهید سۆرانی مامە حەمە لە شاری سلێمانی بە ئامادەبونی بەشێكی فراوان لە رۆژنامەنوسان بەڕێوە چوو تیایدا سێ كەسایەتی خەڵات ئازادی رۆژنامەگەریان پێبەخشرا. 

مەراسیمەكە بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی شەهید سۆران بەڕێوە چوو، دواتر كورتەیەك لە ژیاننامەی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە خوێندرایەوە.  

دواتر لەلایەن دكتۆر ئەحمەد میرە، سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری مەراسیم، وتەیەك پێشكەش كرا و تیایدا رایگەیاند: لە رابردوودا رۆژنامەنوسان و كەناڵەكانی راگەیاندن ئاشكرایان كردووە كە سۆرانی مامە حەمە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە تیرۆر كراوە و تا ئێستاش هیچ هەنگاوێك بۆ سزادانی تاوانباران نەنراوە. 

هەر لەو مەراسیمەدا كە چەندین وتە و هۆنراوەی كەسایەتیە ناسراوەكانی كوردستان لەسەر شەهید سۆران خوێندرایەوە، وتاری سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لەلایەن ئەنوەر حسێن، جێگری نەقیبی سەندیكا، خوێندرایەوە و تیایدا ئاماژە بە بەردەوامی پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كرا. 

لەدوای ئەویش دیاری حاجی محەمەد، بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنوسان لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد كە دەسەڵات لە ماوەی رابردوودا هەموو رێگاكانی بۆ بچوككردنەوەی مەودای ئازادیەكانی رۆژنامەگەری بەكار هێناوە و كە تیرۆری رۆژنامەنوسان بەشێكبووە و لە ئێستاشدا رێ و رێبازی نوێی دۆزیوەتەوە بۆ روبەڕبونەوەی میدیای ئازا و ئەهلی. 

هەر لە مەراسیمەكەدا یاسین عومەر پەخشانێكی بە ناوی "سۆران گۆرانیەكە تا ئەبەد دەیڵینەوە"بۆ ئامادەبوان خوێندەوە و لە دوای ئەویش سوارە نەجمەدین، ئامۆزای شەهید، وتاری بنەماڵەی پێشكەش كرد و بەخێرهاتنی هەموولایەكی كرد و باسی لەوە كرد كە سۆران تەنها شەهیدی خێزانێك نیە و بەڵكو شەهیدی هەموو گەلی كوردە. 

 لە بەشی دووەمی مەراسیمەكەدا خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری لەلایەن گەردە، خوشكی شەهید سۆران درایە لەیلا گیوڤەن، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەتی توركیا رێگری لێكردووە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات موزەیەن گونەش خەڵاتەكەی وەرگرت و پەیامی ئەو ژنە پەرلەمانتارەی گەیاندە مەراسیمەكە. 

خەڵاتی دووەمی مەراسیمەكە درایە دكتۆرە چۆمان ئەحمەد هەردی، وەك ژنە نوسەر و ئەكادیمیست و شعیری كورد، ناوبراویش لە وتیەكی كورتدا وتی ئەو خەڵاتە بۆمن جێگای شانازیە. 
خەڵاتی سێهەم بۆ فۆتۆگرافەری هەرێمی كوردستان و چالاكی رۆژنامەوانی فەریق هەڵەبجەیی، ئەویش لە وتەیەكدا سوپاسی ئامادەكارانی مەراسیمی كرد و خەڵاتكردنی بە ئەركێكی قورس لەسەر شانی خۆی وەسف كرد و هیوای خواست كە بتوانێت لە ئاست گەورەیی ئەو خەڵاتەدا بێت. 

240 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations