ئەرشیڤی هەواڵ و بابەتەکانی حکومەت موڵکی تاکەکەسی نین

18.07.2019

لڤین: لە هەژماری رێبین فەتاح

وەک چۆن نێچیرڤان بارزانی، ئەرشیڤە دوو ساڵییەکەی بەرهەم ساڵحی لە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم ڕەش کردەوە، بەهەمان شێوە، مەسروور بارزانی هەموو ئەرشیڤەکەی نێچیرڤان بارزانی لە ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێم ڕەش کردووەتەوە.

ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتەکان، ئەرشیڤی هەواڵ و بابەتەکان، موڵکی تاکەکەسی نین و سەرۆک وەزیران مافی ئەوەی نییە خەتی ڕاست و چەپی بەسەردا بکێشێت. دەستبردن بۆ ماڵپەڕێکی فەرمی دەوڵەت؛ گەندەڵییە و بەهەمان شێوە بەشێکە لە دەستبردن بۆ ماڵ و موڵکی دەوڵەت.

سەرەڕای ئەوەی ئەرشیڤ و زانیارییەکانی سەر ماڵپەڕە فەرمییەکانی حکوومەت و وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاست پێویست نەبوون و نین و زۆرجاریش ماڵپەڕی وەزارەتەکانی حکوومەت بە (ئەلبوومی وێنە و یادەوەری ڕۆژانە)ی وەزیر و سەرۆک وەزیران چووێندراون، بەڵام هێشتا ئەو ئەلبوومی وێنە و یادەوەرییەش چونکە پێوەستە بە کارەکتەرێکی گشتییەوە، موڵکی کارەکتەری تایبەت نییە.

دەبێت فشار دروست بکرێت بۆ گێڕانەوەی ئەرشیڤی ماڵپەڕەکە لە سەرجەم قۆناغەکانیدا، ئەگەر وادابنرێت ماڵپەڕی پێشوو لەڕووی تەکنیکییەوە کێشەی هەبووە، لەبەرئەوە بە دیزاین و ناوەڕۆکێکی باشترەوە دروستکراوەتەوە، دەبێت لینکی ماڵپەڕەکەی پێشوو لە ئەرشیڤی ماڵپەڕە تازەکەدا دابنرێت.

چ مەعولیەتێک، چ ڕەوایەتییەک لەوەدا هەیە، وەزیرێک پاش تەواوکردنی ماوەی پۆستەکەی، تەنانەت هەرچی نووسراو و بەڵگەنامەی ئەو چوار ساڵە هەیە، بیخاتە جانتایەکەوە و لەگەڵ خۆی بیباتە ماڵەوە؟!

234 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations