نادیە موراد لەلای سەرۆكی ئەمریكا سكاڵای كرد

18.07.2019

لڤین: لوقمان غەفوور

ئێوارەی دوێنێ سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا، پێشوازی لە كۆمەڵێك كەسایەتی ئاینە جیاجیاكانی ئەمریكا كرد، لەنێو ئەو كەسانەدا نادیە موراد یەكێك بوو لەو كەسانە.

ئێوارەی دوێنێ 17ی تەمووز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بەوردی و بە وریاییەوە گوێی لە قسەكانی نادیە موراد گرت. لەقسەكانیدا نادییە موراد وتی "من لە عێراقەوە هاتووم، داعش لەساڵی 2014 هێرشی كردە سەرمان كەس بەرگری لێنەكردین، شەش خۆشك و دایكم _یان كوشت، هەروەها 11 ژنی براكانم و برازا و كەسوكارم دەستگیركران و بران".

 ئەو باسی ئەوەشی كرد كە هەتا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار ژنی ئێزدی بێ سەروشوێنن و تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە، وتیشی "چارەنوسی ئەو بێ سەروشوێنانە نیگەرانی كردووین". 

 ئەوەی بۆ سەرۆكی ئەمریكا رونكردەوە كە "راستە داعش لەناوچەكەماندا بوونی نەماوە، بەڵام تائێستا چارەسەری كێشەكەمان نەكراوە و نەگەڕاوینەتەوە بۆ ناوچەكەمان، چونكە هەریەك لە حكومەتی كوردستان و حكومەتی عێراق لە ململانێدان كامیان بتوانن ناوچەكە كۆنترۆڵ بكەن".

چاوپێكەوتنەكەی سەرۆك ترەمپ لە پەراوێزی كۆبوونەوەی (ئازادی ئاینی)دا هات كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتۆن بۆ 100 كەسایەتی و خاوەنكاری نەتەوە و مەزهەبە جیاجیاكانی ئەمریكا رێكیخست كە بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت.

سەرچاوە: فۆكس نیوز

1736 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations