ته‌رمی دیپلۆماتکارەکەی توركیا گه‌یشته‌وه‌ ئه‌نقه‌ره‌

18.07.2019

لڤین:
ته‌رمی ئه‌و دیپلۆماتكاره‌ توركه‌ی كۆنسوڵخانه‌ی توركیا له‌ هێرشێكی چه‌كداریدا له‌ هه‌ولێر كوژرا، گه‌یشته‌وه‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی.

میدیای فەرمی حکومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، دوای ئه‌وه‌ی توێكاره‌ پزیشكییه‌كانی ته‌رمه‌كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له‌ هه‌ولێر كۆتایی هات، ته‌رمی ئه‌و كارمه‌نده‌ی كونسوڵخانه‌ی توركیا كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ 17-7-2019 له‌ رێستۆرانتی "ئۆكباز" له‌ شاری هه‌ولێر له‌ روداوێكی ته‌قه‌كردندا كوژرا، گه‌یه‌ندرایه‌وه‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا.

دوابه‌دوای روداوه‌كه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هێرشبه‌ره‌كان له‌ شاری هه‌ولێر ده‌دۆزنه‌وه، مه‌ولود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاشكرایكرد، كه‌ شاندێك ده‌نێرنه‌ هه‌ولێر بۆئه‌وه‌ی ورده‌كاری روداوه‌كه‌ بزانن.

دوێنێ چوارشەممە، روداوێکی تەقەکردن لەناو رێستۆرانتێکی شاری هەولێر رویداو تیایدا دیپلۆماتکارێکی تورکیا کوژرا، هەروەها  هاوڵاتیەکی هەرێمی کوردستان کوژرا و هاوڵاتییەکی دیکەش برینداربوو.

دوای روداوەکە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هه‌ولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند،" هاوڵاتیانی هەولێر و بە تایبەتیش دیپلوماتکاران دڵنیا دەکەینەوە، کە رێگە نادەین دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێک بدرێت، لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە دەستیپێکردوە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان دەگەن". 

465 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations