لڤین زانیاری نەبیستراو لەسەر روداوەكەی ئەمڕۆی هەولێر بڵاو دەكاتەوە

17.07.2019

لڤین: 

ئەو كەسەی ئەمڕۆ تەقەی لە كارمەندەكانی قونسوڵخانەی توركیا كرد بارزانیە و خاوەنی گورپێك لە كۆمپانیایە كە خاوەنداریەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كوڕی سەرۆكی هەرێم. 

دوای نیوەرۆی رۆژی چوارشەممە (17/7/2019) ( م. د ) برازای نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ چەند كەسێكی نەناسراو دەچێتە چێشتخانە و كافتریای ( ئۆك باز ) لەشەقامی چل مەتری شاری هەولێر لەسەر یەكێك لەمێزەكانی كافتریاكە دادەنیشێت و پاش چەند خولەكێك دەمەقاڵی لەنێوان ( م. د ) و ئەو كەسانە دروست دەبێت و ( م. د ) لەكاتی دەمەقاڵێكە زۆر تورە دەبێت و هەڵدەستێتەوە و دەمانچەكەی دەردەهێنێت و تەقە بەڕوی ئەو كەسانەدا دەكات كە لەگەڵ خۆیدا لەسەر یەك مێز دانیشتوون، بەڵام بەهۆی نەشارەزای و نەبوونی ئەزمونی لەشێوازی تەقە كردن بەشێوەیەكی عەشوائی تەقە دەكات.

 بەرێكەوتیش ستافی كارمەندانی قونسوڵخانەی توركیا لەمێزی تەنیشت مێزەكەی ئەوانەوە دانیشتوون، بەڵام لەكاتی تەقەكردنەكەی ( م. د ) جگە لەیەكێك لەو كەسانەی كە لەگەڵ ( م. د ) دانیشتووە، جێگری قونسولی توركیا لەهەولێر بەر تەقەكردنەكە دەكەوێت دەست بەجێ گیان لەدەست دەدات.

بەپێی زانیارییەكانی لڤین كە لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە، لەو كاتەدا ( م. د ) روبەڕوی پەشۆكانێكی زۆر دەبێتەوە كەدەبینێت كەسێكی دیكەی كوشتووە كە پەیوەندی بەدەمەقاڵێكەی ئەوانەوە نەبووە، بۆیە یەكێك لەو كەسانەی لەگەڵ ( م. د ) بووە رێنمایی ( م. د ) دەكات دەستبەجێ شوێنی روداوەكە بەجێ بهێڵێت.

بەر لەوەی تیمەكانی ئاسایش و پۆلیس بگەنە شوێنی رووداوەكە ( م. د ) ئەو چێشتخانەیە جێدەهێڵێت. تیمێكی تایبەتی دژە تیرۆری پارتی دیموكراتی كوردستان دەگاتە شوێنی رووداوەكە و ناهێڵن هیچ كەسێك لەو شوێنە دەربچێت و بۆ ماوەیەكی كورت تەواوی ئەو كەسانەی لەو شوێنەن دەست بەسەردەكرێن و پێیان دەوترێت نابێت ئەو روداوانەی بینیوتانە بەهیچ شێوەیەك بگێردرێنەوە. ئەو تیمە تایبەتەی دژە تیرۆری پارتی ناوی تەواوی ئەو كەسانە تۆمار دەكات كە لەو شوێنە بوون و وێنەیان دەگرێت و هەڕەشەی ئەوەیان لێدەكەن ئەگەر لێدوان بۆ هیچ میدیایەك بدەن ئەوا روبەروی سزای توند دەبنەوە.

ئەوانەی وەك شایەتحاڵ لەشوێنی روداوەكە بوون تەنیا یەك كەس تا ئێستا قسەی بۆ میدیای توركی كردووە ئەویش خاوەنی چێشتخانەكەیە و قسەكانی ئەو خاوەن چێشتخانەیەش بۆ میدیای توركی پێچەوانەی زانیارییەكانی میدیای پارتی بوو، میدیای پارتی وای بڵاوكردەوە كە دوو كەسی چەكدار چونەتە چێشتخانەكە و تەقەیان لەجێگری قونسولی توركیا كردووەو هەڵهاتوون. بەڵام خاوەن چێشتخانەكە بەئاژانسی ئەنادۆڵی توركی راگەیاندووە كە ئەو كەسەی تەقەی كردووە جلی مەدەنی لەبەر بووە و دوو كەسیش نەبوون، بەڵكو یەك كەس بووە بەڵام دوو دەمانچەی پێبووە. بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ قسەكانی خاوەن چێشتخانەكە ئەو زانیارییانە پشت راست دەكەنەوە ئەوەی تەقەی كردووە ( م. د ).

( م. د )، بەرێوەبەری گشتی گروپی كۆمپانیاكانی سەلاحەدینە، خاوەندارێتی ئەو گروپە بۆ ئیدریس نێچیرڤان بارزانی دەگەرێتەوەو خودی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی كوڕە گەورەی سەرۆكی هەرێم سەرپەرشتی كارەكانی ئەو گروپی كۆمپانیایە دەكات.

نزیكەی دوو ساڵ بەر لەئێستا دوای ئەوەی ( م. د ) باوكی ( م ) كۆچی دوایی دەكات، بەفەرمانی نێچیرڤان بارزانی، ( م ) دەكرێتە بەرێوەبەری گشتی گروپی كۆمپانیاكانی سەلاحەددین بۆ ئەوەی لەدوای مردنی باوكیان كورەكانی دلۆڤان بارزانی هەست بەپشتگوێ خستن نەكەن.

46081 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations