ھەڵەیەکی تری بارزانی.!

دوای ٣١ ی ئاب بە ماوەیەکی کەم ھێزەکانی یەکێتی خۆیان رێکخستەوە و لە هێرشی یەکەمیان (گەردەلولی تۆڵە) زۆر بەخێرایی لە میحوەری شەقڵاوەوە بەرەو هاوینەهەواری پیرمام دەچوون.

کاتێک مسعود بارزانی درکی بەو کرد کە هێزە فشۆڵەکەی خۆیان بەرگری هێزەکەی یەکێتی ناگرێ، تەنانەت ئەگەر ئەو هێزەیان لەلایەن بەعس و دەبابەکانیشیەوە پاڵپشتی کرابێ؛ ئنجا ناچار هانای بۆ تورکیا برد.

هەر زوو فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا گەیشتنە سەر میحوەرەکانی یەکێتی و کوێرانە هەموو سەنگەرەکانی کوتانەوە، بێ ڕەچاوکردنی ناوچە ئاوەدانەکان و شەهیدکردنی هاوڵاتیان، وەک کاری هەمیشەییان. ئنجا مسعود بارزانی کۆبونەوە بە ھەموو سەرکردە سەربازیەکانی پارتی دەکات و دەڵێت: “ئەوە فڕۆکە بۆمبارانی سەنگەرەکانی یەکێتی دەکا، کەچی ئەوان ھەر هێشتا هەر شەر دەکەن، ئەگەر ئێوە لە شوێنی ھێزەکانی یەکێتی بوونایە لە جێگای بۆمب پەلکە شفتیتان بۆ شۆڕکرابایەوە خوارەوە ھەموو سەنگەرەکانتان چۆڵ کردبوو، بۆیە کەس بۆی نیە بێت منەتم بەسەر بکات، چونکە ئەوەی ھەیە و کردوومە بە پارەی خۆم کردوومە، ئەگەرنا ئێستا سەری رەشیش گیرابوو.“

ئەو بێ باکیەی بارزانی بەرانبەر بە فەرماندە و ئەندام و کادیری خۆی بەھۆی بوونی پارەی زۆر تاکو ئێستاش بەردەوامە، قووڵ نەبوونەوە لە سیاسەت وای لە بارزانی کردووە ئێستاش باجی ھەڵەی ئەو بەرگری کردنەی سەرباز و فرۆکە تورکیەکان دەدات.

بووە بە داردەستی تورکیا و بگرە رۆژانە تووشی ھەڕەشەی ئەو لایانانە دەبێتەوە کە لە ئێرانەوە نزیکن چاو لەو زۆنی پارتی سووردەکەنەوە، لەسەر بوونی بارەگای سەربازی و ھەواڵگری ھێزەکانی تورکیا.

مەسعود بارزانی ئێستا وەک سەرۆکی حیزب بەردەوامە لە کاری سیاسی، ئەوەی جێگای سەرنج و ھەلوەستەیە، بارزانی نەیتوانیووە سوود لە مێژوو وەرگرێت، بەھۆی ناکۆکی حیزبەکانی تر؛ پارتی نزیکی 10 ساڵە جڵەوی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستانی بەدەستەوە گرتووە، ئەوەش ناگەڕێتەوە بۆ ژیریی و سیاسەتی پارتی یا بارزانی.

حاکم بوونی پارتی پەرتەوازەیی لایەنەکانە وایکردووە پارتی حوکمڕان بێت، بەڵام ھەمیشە بەھۆی ھەڵەکانی بارزانی نەیتوانیوە جاڕی ئەو دەسەڵاتە بدات.

رەنگە بۆ خوێنەر ببێتە سەر ئێشە باسکردنی بەڵگە و ئارگۆمێنتە زۆرەکان، چونکە مێژووی ئەو ھەڵانەی بارزانی کردوویەتی زۆر دوور نیە، کە ھەندێکجار تا لێواری مەرگی بردوون.

ئێستا دوای چەندین ساڵ بارزانی گەڕایەوە ھەمان خاڵ و دووبارەکردنەوەی ھەمان ھەڵە. لە زانستی ئابوری سیاسی بەراودێک ھەیە دەڵێت؛ پارەی زۆر چەندە گرنگە بۆ سەرکەوتن، ترسناکتریشە بۆ شکست و کەوتن، کاتێک نەزانی چۆن بەکار بھێنیت. کڕینی کادیر و سەرکردە و فەرماندەی سەربازی، وای لە پارتی کردووە ھەمیشە بۆ دواوە بگەڕێتەوە، ئامارەکانی بەشی ھەلبژاردنی پارتی لە 10 ساڵی رابردوو بارزانیان لەو کەمبوونەوەی کادیر و ئەندام ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا گوێی پێ نەداوە. بارزانی ئێستاش لای وایە تا ئەو پارەیەی بە دەستەوەبێت؛ منەتی بە ھیچ لە ئەندام و کادیر خۆی نابێ، ئێمە وەک لایەنی بەرانبەر؛ بە سیاسەتی پارتی خۆشحاڵین لەو بێباکیەی بارزانی چونکە ئەرکی ئێمە کەمتر دەکاتەوە لە ھوشیاربوونەوەی ئەندامەکانیان تاکو لە بێباکی بارزانی بەرانبەریان ئاگاداریان بکەینەوە، ھەر خۆی کارەکانی بارزانی ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوان زیادەن و وەک پەردەیەک بەکاریان دێنێ بۆ داپۆشینی هەر هێزێکی وەک بەعسی جاران و تورک لە هاناهاتنیان بۆ پارتی، ئەگینا بارزانی ئیشی بەوان نەماوە. بەردەوامیدان بەو شێوازە سیاسەتە ھەموو مرۆڤێکی ھۆشمەند خۆشحاڵ دەکات چونکە ئەنجامەکەی بە ڕوونی دەبینن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button