گوتاری سەلەفی و کێشەی لەگەڵ میھرەبانی ئیسلامی و ئەخلاقی بانگخوازیدا

وەڵامەکەی دوکتۆر عەبدوللەتیف سەلەفی وەك نمونە
لە وەڵامی پرسیاری خانمێکدا، کە دەپرسێت مێردەکەم نوێژ ناکات، بەڵام زۆر باشە لەگەڵمدا ئامۆژگاری چیم دەکەی و چی بکەم لەگەڵیدا؟

دکتۆر عەبدوللەتیف سەلەفی، ئاماژە بەم خاڵانەی لای خوارەوە دەکات:
١- تاوانی نوێژ نەکردن لە زیناکردن گەورەترە؟
٢- کۆمەڵێ لە زانایان ڕایان وایە نوێژنەکەر کافرەو دەبێت ھاوسەرەکەی لێی جیابێتەوە؟ کۆمەڵێکی تریشیان دەڵێن کوفری عەمەلیەو لە میللە دەری ناکات.
٣- گەر ھاوسەرەکەت دەستی نەکرد بە نوێژکردن و ھەروا مایەوە، ئامۆژگاری جیابونەوەی دەکات.؟!
بە بڕوای ئێمە ئەم جۆرە بیرکردنەوەو وەڵامە فقھیە مێژووییە وشکە دابڕاوە لە بەھا باڵا ئیسلامیەکان، لە ڕوانگەی خودی بنەماو بەھا ئیسلامییەکان و تەنانەت بەشێ لە واقیعی مێژوویی موسوڵمانانیشەوە، کێشەی زۆری لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە، لەوانەش:
١-ئەم وەڵامە، کە پەیوەستە بە دۆخی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەوە، کە نوێژناکەن، دەبێتە سەرچاوەی شڵەژانی دەرونی و کۆمەڵایەتی و زیادکردنی کێشەکان، چونکە لەسەر بناغەی نوێژنەکردن ھانی جیابوونەوەی ھاوسەران لە یەکتری و ھەڵوەشانەوەی خێزان دەدات. ئەمەش بە ناھەق سەبارەت بە ھەزاران کەس و خێزان، ئیسلام دەکات بە سەرچاوەی کێشەو بەدبەختی؟! بە پێچەوانەی ئەو ڕۆڵە سروشتیەی پێویستە لە کۆمەڵگەدا بیگێڕێت و ببێتە پەناگەیەکی ڕوحی وسەرچاوەیەکی مەزنی چارەسەری کێشەکان و تەڕکردنەوەی ژیان.
٢- وەڵامەکە جگە لەوەی لە قورئاندا پاڵپشتی نیە، دژی چەندین فەرمودەیشە کە لە خودی پێشەوا بوخاریدا ھاتووەو جەخت لەوە دەکەنەوە؛ مرۆڤ بە شایەتمان ھێنان و ھاوبەشی پەیدانەکردن بۆ خوا، دێتە بازنەی ئیمان و ئەگەری شامیل بوون بە لوتف و لێخۆشبوونی خواییەوە، تەنانەت گێڕەوەی ھەندێ لە فەرمودەکان، مۆڵەت لە پێغەمبەر وەردەگرن( دخ) کە دەکرێت فەرمودەکە ڕابگەیەنن؟ ئەویش لەو سۆنگەوە کە ئەو موژدەی تیایاندایە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت، بەھۆیانەوە موسوڵمانان پشتێنی لێبکەنەوەو بە ئومێدی خودا کەمتەرخەمی لە ھەندێ ئەرك و پەرستشدا بنوێنن، چونکە بەھاو نرخێکی گەورە بە خودی ئیمان دەدەن. دکتۆریش لە ئێمە باشتر ئاگای لەو فەرمودانەیەو ھەندێ بنەمای ئوسوڵی و خودی بەھا ئیسلامیەکانیش داوای ئەوەی لێدەکەن، قورئان و ئەم جۆرە دەقانەی بکردایەتە وەڵامی پرسیارەکەی نەك ھەندێ دەقی ترو تێگەیشتنی مێژوویی ھەندێ زانا لەو دەقانە، کە لە کاتی خۆشیدا، کاریان پێنەکراوە، چ جای لە ئێستاو دونیای پڕ لە سەریەشەو تەحەددای ئەمڕۆدا، بە دەردی موسوڵمانان بخوا؟!.
٣- وەڵامەکە پێچەوانەی فەلسەفەی خێزانە لە ئیسلامدا، کە ئامانج لێی بەدیھاتنی سۆزو دۆستی و دڵ ئارامیە، وە ھەتا ئەوپەڕی کە دەکرێت، دەبێت پارێزگاری لێ بکرێت و ھەوڵبدرێت ھەڵنەوەشێتەوە. بەداخەوە جۆری بەڵگە ھێنانەوەکانی، لە بەھاکان و حیکمەتی خێزانی ئیسلامی دابراوە؟ حسابێکی وا بۆ ئەو کێشەو گوناھو خراپانە ناکات، لە ھەڵوەشانەوەی خێزانەکە دەکەوێتەوە. ئەویش لە ڕوانگەیەکی فقھی بەرتەسکەوە، کە فراوانی ئیسلام لە مرۆڤ و کۆمەڵگە تەنگ دەکەنەوەو دوچاری جۆرەھا حەرەجیان دەکەن، لە کاتێکدا لابردنی حەرەج، داواکراوێکی دین و قورئانەو ڕێسایەکی فیقھیشە.
٤- وەڵامەکە پێچەوانەی ھێڵی گشتی بیرکردنەوەی تەنانەت ئەھلی سوننەو جەماعەشە لە مێژوودا، کە لەسەر گوناھ موسوڵمان تەکفیر ناکەن و ئەوانەی بەو جۆرە مامەڵەیان کردووە بە لادەریان داناون. لە ڕووی پیادەکردنی فقھ و مێژووشەوە، بەش بەحاڵی خۆمان نەمانبیستووە، دادگای ئیسلامی نوێژنەکردنی بێ ئینکاریکردنی، بە وەرگەڕان لە دین دانابێ و ھاوسەرانی لەسەر بناغەی ئەو لە یەکتر جیاکردبێتەوە؟ لە ئێستاشدا لیژنەی فتوای ئەوروپا کەچەندین گەورە زانای تێدایە، لە سۆنگەی بەرژوەندی دینییەوە تەنانەت ڕێگەی داوە بەو ژنانەی لە خۆرئاوا موسوڵمان دەبن، لە ھاوسەرە ناموسوڵمانەکانیان جیانەبنەوەو ئارامی خێزانی خۆیان تێکنەدەن. ئەوەش بۆ یارمەتیدانی ئەو ئافرەتە تازە موسوڵمانبووانە، تا ھەست نەکەن، موسوڵمانبوونیان دەبێتە سەرچاوەی لە دەستدانی خێزانەکانیان، کە لەبەر ئەم ھۆکارە چەندینیان دووبارە لە ئیسلام ھەڵگەڕابوونەوە.
٥- وەڵامەکە لە واقیعی سەردەم و دۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەو پێویستیەکانی خزمەتکردن و ڕاستکردنەوەی ئەخلاقی دابڕاوە، کە وەك جاران نیەو ژمارەی نوێژنەکەری موسوڵمان زۆرە، ئەگەر ئەو زانایانەش لە ئێستادا بژیانایە، چاوەڕوانکراوبوو، وەڵامێکی جیاواز بدەنەوە، بە حوکمی ئەوەی، مرۆڤ لە چوارچێوەی کات و شوێندا بیردەکاتەوەو زاناش نابێت ڕەچاوی واقیع و دۆخی خەڵك نەکات، چونکە وەڵامی دینیی و فتوا ھەندێ جار بە جیاوازی تاکەکەسەکان دەگۆڕێت، چ جای کات و شوێن. یەکێ لە کێشە بنەڕەتیەکانی گوتاری سەلەفیەتیش بە شێوەیەکی گشتی، کەم گوێدان بە واقیع و گۆڕاوەکان، لەبەر گرتنەوەی مێژووە لە واقیعێیکی تەواو جیاوازدا!! ئەوەش حەرەج، تەشەدود، توندڕەوی تەکفیر، سەختگیری، دەمارگیری و سەرەنجام لای بەشێکیان، توندوتیژی و تیرۆری لێدەکەوێتەوە.
٦- ئەم گوتارە باخاوەنەکەی مەبەستیشی نەبێت و بە نیەتی خێر دەریبڕێت، ھاندانی بۆ خراپەکردنی تێدایەو بەربەستی دەرونی لەبەردەم خراپەکاندا لاواز دەکات، چونکە تا نوێژنەکەرێك سودی لێ وەردەگرێت، دەی تر بە خراپ وەریدەگرێت و ڕەنگە بڵێت؛ مادام ھەر بەو جۆرەبم وە نوێژنەکردن گوناھی لە زیناکردن زیاتر بێت و کافر یان نیمچە کافربم، ئیدی بۆ ڕەچاوی ھەندێ حەرام بکەم و خۆم لە ھەندێ شت بگرمەوە؟! ئەوەی ئەم دەرھاویشتە خراپە چاوەڕوانکراوەش کەم دەکاتەوە، ھوشیاری خەڵکەکە خۆیەتی، کەدەزانێت ئەو وەڵامە نە تاکە وەڵام و نەکۆتا وەڵامیشە بەو پرسیارە، وە دکتۆر عەدوللەتیف وەك ھەر وەڵامدەرەوەیەکی تری دینیی، ناتوانێ ئیدیعای نوێنەرایەتیکردنی دین بکات . بەڵکوچەندین مامۆستاو مینبەری تر ھەن، وەڵامی جیاوازترو میھرەبانتر بەو جۆرە پرسیارانە دەدەنەوە. وەڵامگەلێك، خەڵك بەھۆی بوونی گوناھو کەم و کورتیەوە لە داھاتوو ی خۆیان و لوتف ولێخۆشبونی خودا نائومێد ناکەن و ھانیان دەدەن بۆ بەخۆداچوونەوە.
٧-گوتارو جۆری وەڵامەکە، ناکۆکە لەگەڵ پێویستیەکانی بانگەوازو ئیرشادو ڕاستکردنەوەی خەڵكدا. کە پێویستە سەرجەم وەڵامەکان بە تایبەتیش لەم سەردەمە پڕ لە تەحەدایە بۆ ژیانی دیندارانەدا، ڕەچاوی بکەن و لە خزمەتی ئەودا بن ، وەك فقھێکی وشك و دابڕاو لە ئەخلاق و ھاندانی خەڵك بۆ زیاتر پابەندبوون بە ناوەڕۆکی ناسنامەی موسوڵمانێتیانەوە، پێشکەش نەکرێت. خودا داوامان لێدەکات بە حیکمەت و ئامۆژگاری باش بانگی ناموسوڵمانێ بکەین بۆ ئیسلام، ئەی دەبێت لەگەڵ موسوڵمانێك کە ئیماندارەو لەبە رتەمبەڵی یان ھەر ھۆکارێکی تری ناعەقیدی، کەمتەرخەمی لە ئەنجامدانی پەرستش یاخود ئەرکێکی ئیسلامیی و دینیدا دەکات، شانازی دەکات بە موسوڵمانیی خۆیەوەو خۆی لە چەندین حەرام و گوناھ دەگێڕێتەوە، چۆن مامەڵە بکەین؟ مەگەر خودا قورئان بەڕەحمەت و پەیامبەر( دخ) بەبەزەیی بۆ جیھانیان و خودی خۆی بەڕەحمان وەسف ناکات؟ ئەی نابێت ئەمە لە وەڵام و داوەری و شرۆڤەو فتواکانماندا ڕەنگبداتەوە و گوتاری دینیی نەرم بکاتەوە؟ کە ئەم ڕەحمەت و میھرەبانی بونەش، بەشێکی گرنگی لەوەدا بەرجەستە دەبێت: لە عەقڵیەتی تەکفیر دووربکەوینەوە، دین بەھۆی لێکدانەوەی بەرتەسك لەسەر خەڵك قورس نەکەین، ڕەچاوی دۆخ و حاڵ و واقیعی تاکەکان و کۆمەڵگە بکەین، پەنجەرەی ئومێدی خوایی بە ڕووی خەڵک ولەوانەش گوناھکاراندا دانەخەین، ستایشی خێرێك بکەین تیایاندا ھەیەو ھەوڵی گەورەکردنی بدەین؟
ھەر بۆیە داواکارم و ھیوادارم مامۆستاو نێوەندە سەلەفیەکان، وە ھەر بانگخوازو مامۆستایەکی تر کە بەو ھەناسەو ڕوحیەت بیردەکاتەوەو قسە دەکات و ھەڵوێست وەردەگرێت، چیتر درێژە بەم عەقڵیەت و بیرکردنەوەو ڕەچاونەکردنی واقیعی خەڵك و سەردەم لە گوتارو وەڵام و فتواکانیاندا نەدەن، واز لەو ئاراستە تەکفیرخوازیە ترسناکە بێنن، کە بیدعەیەکی یەکجار گەورەیەو بە ڕوحی مەزن و میھرەبانی ئیسلام نامۆیە، کارەساتیشی بۆ ئایندەی ئاینداری و کۆمەڵگە بەدواوەیە. چونکە کێشەکە ھەر ئەم وەڵامە نیە بەڵکو مەسەلەی تەکفیر خاڵی ھاوبەشی نێوان چەندین مامۆستاو ڕەوت و بانگخوازی سەلەفیە، ھەر لە ماوەی ڕابردوودا بوو، لە لایەن زیاد لە ڕەمزو بانگخوازێکی سەلەفیەوە، فتوای کافربوونی عەلمانیەکانی کوردستان دەرکرا! بێ گوێدانە ئەوەی کە ئەم خۆ بەقازیکردنە، لەسەر حسابی لۆژیك و پێویستیەکانی بانگەواز و خزمەتی ڕوحی و ئەخلاقیی خەڵکی موسوڵمانی کوردستانە، ھەروەھا دەکرێت لە ھەندێ سەرەپێچ و بارودۆخیشدا، بەرەنجامی کارەستباری ئەخلاقی و قانونی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە.
چونکە کلتوری تەکفیرو نامیھرەبانی ئاینیی، دەبێتە سەرچاوەی ڕق و توندوتیژی و رەتکردنەوەی واقیع و بەرامبەرو جۆرەھا کێشە؟! بۆیە ئەرکی ئەخلاقی و دینیی و شەرعیی ئەم بەڕێزانە داوایان لێدەکات، بە ژمارەی لایك و ھەندێ دەور قەرەباڵغی ئێستایان تێنەکەون و لە ڕوانگەی ڕەنگدانەوە چاوەڕوانکراوەکانی گوتارەکە بۆسەر دۆخی دینداری و نیشتیمانی ئەم مەملەکەت و گەلە لە داھاتوودا، ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و دەستکاری بکەن.
بەحوکمی ئەوەی کتێبیان بۆ ئاخر گرتۆتەوەو بەرەنجامەکان پێوەرن، لانی کەم لە رووی پێوەری سەواب بوونەوە. دڵنیاشبن، ئیسلام روحێکی میھرەبان و عەدالەتخوازانەو ئەخلاقی خۆی ھەیەو بە ئاسانی خۆی نادات بەدەست گوتارێکی لەم جۆرەوە، کوردەواریش تازە ئیسلامی پێناگاو خاوەنی شەقڵی دینداری و ڕوحیەتی تایبەت بە خۆیەتی، نە سەلەفیەت و نە ھیچ ئیسلامیەکی تریش نەھاتۆتە سەر بۆشی و لە سفرەوە دەست پێ ناکات، ئەم روحەش بە ناخی مێژوو و ویژدانی کورددا ڕۆچووەو لە چوارچێوەی ڕێزلێگرتنی خۆی بۆ کرانەوەو گەشانەوەو چاکسازیی قوڵ دەکاتەوەو حسابی مەحرەممان لەگەڵدا دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button