سه‌رۆكى هه‌رێم و باڵيۆزى ڤاتيكان كۆبوونه‌وە

لڤین:
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ڤاتيكان كۆبوه‌وه و ڕه‌وشى ئاواره و په‌نابه‌ران و كۆرۆنا و هه‌ڵبژاردن و دۆخى عێراق و چەند پرسیکی دیکەیان تاوتوێكرد.
ئه‌مڕۆ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى ميتيا لێسكۆڤار باڵيۆزى ڤاتيكان له عێراق كرد كه دواى ده‌ستبه‌كاربوونى، جارى يه‌كه‌مه به فه‌رمى سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.
لە بارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەوە سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه، نێچيرڤان بارزانى وێڕاى به‌خێرهێنان و پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى، باڵيۆزى ڤاتيكان له عێراق هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان به بايه‌خه‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ڤاتيكان ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها سه‌ردانى قه‌داسه‌تى پاپاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به ڕووداوێكى مێژوويى له قه‌ڵه‌م دا و هيواى خواست ببێته هانده‌رى گه‌ڕانه‌وه‌ى مه‌سيحييه‌كان بۆ وڵاته‌كه‌يان كه به‌هۆى شه‌ڕ و توندوتيژييه‌كانى ساڵانى ڕابردووه‌وه، ژماره‌يه‌كى زۆريان عێراقيان جێهێشتووه.
نێچیرڤان بارزانی كردنه‌وه‌ى زانكۆى كاتۆليكى له عه‌نكاوه به هه‌نگاوێكى گرنگ و ئه‌رێنى له قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى كرده‌وه كه په‌روه‌رده بناغه‌ى سه‌ره‌كيى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى باش و پێشكه‌وتووه، بۆيه ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕى گرنگى به كواليتيى خوێندن و كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى بدرێت و زانكۆكان تۆڕى فراوانى په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ زانكۆكانى جيهان دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وى زۆرترين سوود له ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتووه‌كان ببينن و ببنه پردى په‌يوه‌ندى و پته‌وكردنى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و يهكترقبووڵكردن.
هەر له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، باڵیۆزى ڤاتيكان له عێراق سوپاس و پێزانينى ڤاتيكانى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه كه له‌گه‌ڵ ئاواره‌كانى ديكه‌ى عێراق ده‌رگاى به‌ڕووى ئاواره مه‌سيحييه‌كاندا كرده‌وه و داڵده‌ى دان، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه له ڤاتيكان به بايه‌خ و ڕێز و ستايشێكى زۆره‌وه له‌م هه‌ڵوێسته و له كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و يهكترقبووڵكردن له هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانرێت و سوپاس و ده‌ستخۆشى له سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و به‌رپرسان و گه‌لى كوردستان كرد بۆ ئه‌و پێشوازييه گه‌رمه‌ى له هه‌رێمى كوردستان له قه‌داسه‌تى پاپا كرا.
باس لهوهشكراوه، نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به ڕۆڵى گرنگى مه‌سيحييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراقى كرد و ڕوونى كرده‌وه كه مه‌سيحييه‌كان پێكهاته‌يه‌كى ڕه‌سه‌ن و سه‌ره‌كيى هه‌رێمى كوردستانن و ڕۆڵێكى به‌رچاو له خزمه‌تكردن و بنياتنان و به‌روپێشبردنى هه‌رێمى كوردستان و پته‌وكردنى كولتوورى پێكهوهژياندا ده‌گێڕن. دووپاتيشى كرده‌وه بۆ زامنكردنى مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان، له ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستاندا كه خه‌ريكه ئاماده ده‌كرێت هه‌موو مافه‌كانى مه‌سيحييه‌كان و ته‌واوى پێكهاته ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كان ده‌پارێزرێت.
دۆخى ده‌شتى نه‌ينه‌وا، ڕه‌وشى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى په‌تاى كۆرۆنا و هه‌ڵمه‌تى كوتان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ڵبژاردن و دۆخى عێراق به‌گشتى و ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌مى، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوون كه شاندێكى كه‌نيسه تيايدا به‌شدار بوون.