بۆ سەلاح كوێخا...

ئەو پیاوەی لە بەخشندەیی سیروان و سەرسەختی بەمۆ ئەچوو

وەك چۆن شوێن و رۆژی لەدایك بوون و رەنگ و نەتەوە، چارەنووسێكی ئیختیاری نین، هەندێ لەهاوڕێ و خۆشەویستانیش بەدەست خۆت نین، بێ هیچ ئیزنخوازی و مۆڵەتێك، خۆڕسكانە دێنە ناوژیانت و بۆ ئەبەد لێت نابنەوەو وەكو هاوڕێ و دۆستی هەمیشەیی ژیانت دەمێننەوە. بۆمن سەلاحی كوێخا، یەكێكە لەو گەوهەرە بەنرخانەی کە شۆڕش و پێشمەرگایەتی و كاری سیاسی و ئیداری بەمنی بەخشی، سەڵاح پیاوێكی لەدڵاشیرین بوو، بەجۆرێك لە سەردەمی شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا تا رۆژو ساتەكان تاڵتر ئەبوون ئەو شیرینتر و دڵگیرتر ئەبوو، ئەوانەی دۆست و هاوڕێی راستەقینەی بوون ئەزانن، ناسین و ئاشنایەتی لەگەڵیدا سەرەتایەكی هەبوو، بەڵام دواتر ناكۆتا بوو، ئەو لەرەزێك ئەچوو كە چوار وەرزە هێشووی وەفا و ئەمەكداری ئەگرت، هەمیشە كەپری خۆنەویستی و بەهاو مۆراڵی بەرز بوو، دەستی درێژكراوی ئاشتەوایی و برایەتی بوو، پیاوێكی ئارام و بە حیكمەت، بەمشور و خەمخۆر، لەهەڵوێست و بیروباوەڕ، وەكو داربەڕوو قایم، لەمامەڵەی رۆژانە و هەڵكردن لەگەڵ خەڵك وەكو ئاوریشم نەرم و نیان بوو.

زۆر جار لەدڵی خۆمەوە بیر لەكەسایەتی و كاراكتەری كاك سەلاحی كوێخا دەكەمەوە، زنجیرەیەكی نەپساوەیە لە پیاوەتی و خۆڕاگری، لە شۆڕشگێری و خۆنەویستی، دڵسۆزی و دڵپاكی، بیر دەكەمەوە و دەڵێم رەنگە ئەو خەسڵەتانەی لە سروشت و ژیانی ناوچەكەیەوە گواسبێتەوە ناو ژیانی خۆی، چونكە ئەو لە دێی (بانی بۆر)ی سەر بە خانەقین ،لەسەر سیروان و پشت قایم، بە شاخەكانی بەمۆ و خوشك لەدایك بووە، ئەلێم سەڵاح بەخشندەیەكەی لە روباری سیروان و سەرسەختی شۆڕشگێرانەشی لە بەمۆ ئەچوو، وەك چۆن هێزێك نەبوو، بەمۆ بچەمێنێتەوە، هیچ نەهامەتی و دەردەسەریەكیش بایی ئەوە نەبوون پشتی سەڵاحی كوێخا بچەمێنێتەوە، ئەو لە پێشمەرگایەتی دوو جار بریندار بوو، بەڵام سورتر و بەورتر لە جاران بەردەوام بوو، ئەو لەیەك كاتدا وەك سیروان هێمن و وەكو بەمۆش بەرگریكارو خۆڕاگر.

سەلاح بەفیترە پیاوێكی شۆڕشگێرو نەفس بەرز و بە سەخاوەت بوو، چیرۆكێكی بێ وێنەی ژیانی كاك سەڵاح هەیە كە رەنگە تەنها دۆستە نزیكەكانی بیزانن، بەڕای من هی ئەوەیە ببێتە پەند و مایەی دەرس لێ وەرگرتن، كاتێ لەكۆتایی حەفتاكان گوندو دێهاتی كورد لەخانەقین راگوێزران، دێكەی ئەویش یەكێك بوو لەوانە، سەڵاح تاكە كەس بوو كە پارەی تەعویزی موڵك و زەویەكانی وەرنەگرت و وتبووی چۆن ئەكرێ ئەرز و خاكی خۆمان بفرۆشین.

سەڵاح تا كۆچی دوای هەڵگری ئەو بەها بەرزانە بوو، كوێخای سەخاوەت و میواندۆستی و هاوڕێیەتی بوو، ماڵ و دیوەخانی بەقەد فراوانی دڵەكەی بەرین و گەورە بوو و جێگەی هەموانی تێدا دەبوەوە، من لە دوو وێستگەی شۆڕش و كاری ئیدارەو حوكمڕانی كاك سەلآحم لە نزیكەوە ناسی و بەیەكەوە كارمان كرد، بە راستگۆیەوە دەڵێم هەر هەمان گەوهەر و جەوهەری بەنرخ و پڕ بەهابوو، هەمیشە لەخەمی خەڵك و ناوچەكەی خۆیدا بوو، كاتێ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بوو، رەنگە هەموو لایەك شاهێدی ئەوەی بۆ بدەن كە مامەخەمەی گەرمیان بوو، بەكۆلێك خەمی گەرمیانیانەوە، بەئازاری ئەنفال و كەسوكاریانەوە لەدەرگاكانی ئەدا، خەڵكی بەویژدانیش ئەزانن كە لەسەردەمی ئەو سەرەڕای كەموكورتیەكان كاری خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی زۆر بۆ گەرمیان كرا.

سەڵاح هەمیشە خەم و حوزنێكی شاراوە لەروخساریدا هەبوو، بەجۆرێك هەرچی پێكەنینی دنیا هەبوو داینەئەپۆشی، من زۆر جار روخساری سەڵاحم وەكو روخساری قالە مەڕە ئەهاتە پێش چاو، كە ئەو بەشمشاڵەكەی تەعبیری لە دڵی كون كونی خۆی ئەكرد، ئەمیش بە خزمەت و بەدەنگەوە هاتنی خەمو ئازاری خەڵك جێی برینی ئەو حوزنەی لە روخساری خۆی چارە ئەكرد.

كاتێ سەڵاح كوێخا لە ژیاندابوو بۆ خزمەتی كوردستان و رێبازی سەرۆك مام جەلال كاری زۆری كرد و هەوڵی زۆریدا، ئەوەندە كاری باش و خێری گشتی ئەنجامدا، بەخەیاڵم نەدەهات كۆرۆنای نەگریس وا بەئاسانی زەفەر بەو پیاوە خۆڕاگرە ببات و وا بەئاسانی لێمانی بستێنێت، بەلآم كاك سەڵاح وەكو چۆن تا لە ژیاندا بوو نموونەو خولقێنەری بەهاو ئەخلاقی بەرزبوو، دوای مەرگیشی لای دۆست و هاوڕێكانی، لای گەرمییانییەکان و تەواوی خەڵكی كوردستان وەكو بەهایەكی بەرز و هاورێکی هەمیشە لە یاد دەمێنێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button