ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی یەکێتی و وەزیری دەرەوەی ئێران

لڤین:

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ( لڤین ) کەوتووە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ” هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ( سێشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢١ ) لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازییان کرد لە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و وەفدێکی یاوەری”.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە،” لە دیدارێکدا گفتوگۆی ورد و ھەمەلایەنە لەسەر پێویستیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان، ھەماھەنگی، کاری ھاوبەش و بەھێزکردنی ھاریکاریی ئابووری و بازرگانی نێوان ھەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران کرا لە پێناو بەرقەرارکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش لەناوچەکە”.

ئاماژە بەوەشکراوە، ”هاوسەرۆکان جەختیان لە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە و ئاشتی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستانیان بە فاکتەرێکی گرنگ زانی بۆ پاراستن و ئارامی دەوڵەتانی دراوسێ”.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ” هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خۆشحاڵیی خۆیان نیشاندا لە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ڕایانگەیاند، گەیشتن بە ڕێککەوتن لەو دانوستانانە دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی هاووڵاتییانی ئێران کە بە هۆی گەمارۆوە زەرەرمەند بوون، هاوکات دەبێتە مایەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی”.

لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ”لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران پێزانینی خۆی نیشاندا بەرامبەر بەو ڕۆڵە گرنگەی یەکێتی دەیگێڕێت بە تایبەت کە لە دوای گۆڕانکاری و ئەنجامدانی کۆنگرەی حزبەکە، پێگەی یەکێتیی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بەهێزتر بووە و ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ پەرەپێدانی پەیوندییەکان و یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button