رێکخراوی پەیامنێران: رێگریکردن لە رۆژنامەنوسان بووەتە دیاردە

لڤین:

بەیانی ئەمڕۆ لە کاتی رووماڵدا رێگری لە ژمارەیەک لە پەیامنێرانی کەناڵەکان کرا، رێکخراوی پەیامنێرانیش دەڵێت، خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە.

رێکخراوی پەیامنێران لەبارەی هێرشکردنە سەر رۆژنامەوانان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ تیمی مەیدانی رۆژنامەنووسانی کەناڵەکانی NRT و دەزگای میدیایی ژیان و ئاژانسی وڵات لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان لە شاری ھەولێر و لەلایەن ژمارەیەک لە تیمی پاسەوانی تایبەتی پەرلەمان رێگریان لێکرا رووماڵی کاری میدیایی بکەن.

رێکخراوەکە راشیگەیاندووە، ھێرشکردن و رێگری کردن لە پەیامنێرانی کەناڵەکان بەتووندی شەرمەزار دەکەن و دەشڵێت: خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، ئەم جۆرە رووداوانە، بەرتەسک کردنەوەی کاری ئازادی میدیایییە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

رێکخراوی پەیامنێران ھێرشکردنەسەر تیمی رۆژنامەنووسان شەرمەزار دەکات

راگەیەندراوی رێکخراو:

ئەمڕۆ سێشەممە، رێککەوتی ٢٧ـی نیسانی ٢٠٢١، لە کاتی رووماڵ و گواستنەوەی ھەواڵدا، تیمی مەیدانی رۆژنامەنووسانی کەناڵەکانی NRT و دەزگای میدیایی ژیان و ئاژانسی وڵات لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان لە شاری ھەولێر و لەلایەن ژمارەیەک لە تیمی پاسەوانی تایبەتی پەرلەمان رێگریان لێکرا رووماڵی کاری میدیایی بکەن.

ئێمە وەک رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، ھێرشکردن و رێگری کردن لە پەیامنێرانی کەناڵەکان بەتووندی شەرمەزار دەکەین، ئەم جۆرە ھەڵسووکەوتانە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لەگەڵ میدیاکاران و پەیامنێران دوورە لە بنەماکانی یاسا بەرکارەکانی کاری میدیایی لە ھەرێمی کوردستان.

رێگری کردن ھێرشکردنە سەر پەیامنێران لەکاتی ئەرکەکانیاندا، خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، ئەم جۆرە رووداوانە، بەرتەسک کردنەوەی کاری ئازادی میدیایییەو ھاوکات خزمەت بە پرۆسەی ئازادی لە ھەرێمی کوردستان ناکات.

رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان

ھەولێر

٢٧ــی نیسانی ٢٠٢١

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button