وەزارەتی کارەبا لەبارەی تەقینەوەی مین بە تیمێکیاندا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لڤین:
وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند لە تەقینەوەی مینەکەی ئەمڕۆدا کارمەندێکی وەزارەتەکیان لەگەڵ دوو هاوڵاتی رێنیشاندەر برینداربوون .
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لەبارەی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی ناوچەی کانی ماسی بە تیمێکی وەزارەتەکەیاندا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت “دوێنێ26ی نیسانی 2021 لەئەنجامی شەڕی نێوان سوپای توركیاو چەكدارانی پەكەكە لەدەڤەری كانی ماسی هێڵی 33 كەی ڤی كارەبای (سەرسەنگ – كانی) ماسی زیانی گەورەی بەركەوت، كە بەهۆیەوە كارەبا لەسەر 70 گوندی ناوچەكە بچڕا”.
وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە: ئەمڕۆ بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكە تیمێكی 22 كەسی وەزارەتی كارەبا بەهاوكاری دوو هاوڵاتی كە وەكو رێنیشاندەر لەگەڵ تیمەكانمان بوون سەردانی ناوچەكەیان كردووە.
ئەوەشی ئاشکراکردووە “لەئەنجامی تەقینەوەی مین فەرمانبەرێكی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی كارەبای دهۆك و دوو هاوڵاتی رێیشاندەرەكە بریندار بوون”.
وەزارەتەکە وێڕای ئیدانەكردنی تەقینەوەکە و زیانگەیاندن بەفەرمانبەرانی خزمەتگوزاریی كارەبا، هیوای چاكبوونەوە خێرای بۆ بریندارەكان خواستووە.