بەهمەن کاکە عەبدوڵا: قوباد تاڵەبانی واژۆی بڕینی دوو موچە و سێ موچە ناکات

لڤین:

پەرلەمانتارێکی پارتی رایگەیاند جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادە نییە واژۆی بڕینی دوو موچە و سێ موچە بکات، لە وەڵامیشدا سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت ئەو زانیاریە تازەیە و بەدواداچونی بۆ دەکەین.

بەهمەن کاکە عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، مەلەفی بایۆمەتری لەلای جێگری سەرۆکی حکومەتە و ئامادە نییە لە دوو کابینەدا واژۆی بڕینی دوو موچە و سێ موچە بکات.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتیشی: بێمنەتم لەو قسانەی دەیکەم و حەقە خەڵکی کوردستان لە حکومەت بپرسێت بۆ موچەی بندیوار نابڕدرێت کێیە ئامادە نییە واژۆی بکات.

بەهمەن کاکە عەبدوڵا لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان وتیشی: وەک پارتی دیموکراتی کوردستان خۆمان بە خاوەنی ئەم حکومەتە دەزانین کێش ئامادە نییە لەم حکومەتە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت دەرگا کراوەیە با بکشێتەوە و بە خەڵکی کوردستان بڵێت یەک حزب لێی بەرپرسە.

لە وەڵامی ئەو قسانەدا رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی: ئەو زانیاریانە کە پەرلەمانتارەکەی پارتی باسی دەکات بۆ ئێمە تازەیە کە جێگری سەرۆکی حکومەت واژۆی ناکات، بۆیە بەدواداچونی بۆ دەکەین.

سەرۆکی پەرلەمان وتیشی ئەو دابەشبوونەی لە نێو پەرلەمانی کوردستان هەیە دڵنیام لە ناو حکومەتدا نییە و ئاوا قسە لەسەر یەکتری ناکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button