عەلى حسێن

پەکەکە هیچ نەفەسێکى بۆ نەهێشتوینەتەوە

لڤین:

عەلى حسێن، ئەندامى سەرکردایەتى پارتى و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەى ئەو حزبە، ئەمڕۆ دووشەممە ( ٢٦ ی نیسانی ٢٠٢١ ) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى زمانحاڵى حزبەکەى، لەبارەی بوونی پەکەکە لە هەندێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند،”دەیانەوێت راستى بەرخۆدانى حکومەتى هەرێم بۆ خەڵکى ڕوونبکەنەوە لەو پرسەدا، تا دواتر تۆمەتبار نەکرێن بەوەى کە شەڕخوازن یان دەستپێشخەرى شەڕن، لەکاتێکدا پەکەکە هیچ رێگایەکى دیکەى لەبەردەم حکومەتى هەرێم نەهێشتووەتەوە”.

سەبارەت بە هەڵوێستی حزبەکەی، ئاشکرای کرد، “ئێمە خوازیارى ئەوە بووین پەکەکە بەبێ شەڕ ئەو ناوچانە رادەستى پێشمەرگە بکات کە لێی جێگیرە، ئێمە لەم قۆناغەدا لەگەڵ شەڕدا نین، بەڵام پەکەکە هیچ نەفەسێکى بۆ نەهێشتوینەتەوە”.

عەلى حسێن، لەبارەی هەڵوێستی لایەنەکانی تری کوردستان، وتی، ”دەبێت حزبەکانى هەرێمى کوردستانیش لەو پرسەدا خۆیان یەکلایی بکەنەوە و پشتیوانى حکومەتى هەرێم بن”.

لێدوانەکانی ئەو سەرکردەیەى پارتى هاوکاتە لەگەڵ ئۆپراسیۆنێکى نوێی تورکیا لەخاکى هەرێم لەدژى پەکەکە و تۆمەتبارکردنى پارتى بە پشتیوانیکردنى ئۆپراسیۆنەکە لەلایەن پەکەکەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button