داوای تۆمارکردنی سکاڵا لەو کریستیانانە دەکرێت کە زێده‌ڕۆیی كراوه‌ته‌ سه‌ر موڵك و ماڵیان

لڤین:

ئه‌مڕۆ وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئانۆ جه‌وهه‌ر، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د كۆبوه‌تەوە، دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئانۆ جه‌وهه‌ر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی ڕایگەیاند” ده‌مانه‌وێت له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا كێشه‌ی موڵك و ناكۆكی موڵكداری كریستیانه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین”.

سەبارەت به‌ جۆر و شوێنی ئەو موڵکانەی کە زێده‌ڕۆییان كراوه‌ته‌ سه‌ریان، وەزیرەکەی هەرێم ووتی” من نازانم كامه‌ موڵكه‌، به‌ڵام ده‌رفه‌تی ٦٠ رۆژ ده‌ده‌ین به‌ هه‌ر كه‌سێك سكاڵای هه‌یه‌ و قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌ته‌وه‌ بێت سكاڵای تۆمار بكات”.

هەروەها گوتی” دوای ئه‌و واده‌یه‌ لیژنه‌ی لاوه‌كی له‌ ئاستی پارێزگا و قه‌زا و ناحییه‌ درووست ده‌كرێت و به‌ دواداچوون بۆ كێشه‌كان ده‌كه‌ن و راپۆرتی خۆیان ده‌خه‌نه‌ به‌ر ده‌ست لیژنه‌ی باڵا و له‌ رێی دادگا و له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا ئه‌و كێشانه‌ یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه‌”.

لەبارەی ناکۆکی ئاینی و سیاسیەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ڕایگەیاند” ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ناكۆكی سیاسی و ئاینییه‌وه‌ نییه‌ و كێشه‌ی موڵكدارییه‌ و هاووڵاتیان له‌ ناو خۆیاندا ناكۆكیان له‌ باره‌ی زه‌وی و زار هه‌یه‌، پێویسته‌ ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه‌ به‌ شێك له‌ كریستیانه‌كان زه‌وی و زاریان به‌ هۆی شۆڕشه‌وه‌ له‌ده‌ست داوه‌ یان كۆچیان كردووه‌ و دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ پێویستی ده‌زانین ماف بۆ خاوه‌ن ماف بگه‌ڕێته‌وه‌.

لە کۆتای لێدوانەکەیشیدا ڕایگەیاند” ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌ پێویستی به‌ یاسا هه‌بێت، لیژنه‌ی باڵا بۆی هه‌یه‌ پڕۆژه‌یاسایه‌ك گه‌لاڵه‌ بكات و له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران تاوتوێ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پێویستی كرد، یاسایه‌ك بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌ربچێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button