پرۆژه‌ى كۆرمۆر فراوانتر دەکرێت

لڤین:

کۆمپانیای دانەگاز گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی گازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەگەڵ کۆمپانیای هیلالی هاوبەشی رایانگەیاندووە، بە یەکەوە لە ژێر ناوی کۆنسۆرتیۆمی پێرل پێترۆلیۆم، سەرپەرشتی پڕۆژەی فراوانکردنی KM250 دەکەن، کە ئەو پڕۆژەیەش پێویستی بە 600 ملیۆن دۆلارە و ئامانج لێی زیادکردنی 250 ملیۆن پێ سێجای رۆژانەیە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.

لە نوێترین راپۆرتیدا کە كۆمپانیای دانەگاز بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە” بەردەوامن لە فراوانکردنی پڕۆژەی کۆرۆمۆر، بە قەبارەی 600 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان دەکەن، بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنان 57% بەرزبکەنەوە”.

هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە،”بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بۆ ماوەیەک کارەکانیان وەستا، بەڵام ئێستا پڕۆژەکەیان کەوتووەتە کار و هەوڵدەدەن تاوەکو ( نیسانی ٢٠٢٣ ) ئامانجەکان بپێکن”.

بە گوێرەی گرێبەستی فرۆشی گاز کە لە ( ئاداری ٢٠١٩ ) لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکە واژۆکرا، پێرل پێترۆلیۆم گازی زیاتر بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین دەکات.

دانە گاز ئاشکراشی کردووە،” کە ئێستا زیاتر لە ( 80% )ـی کارەبای هەرێمی کوردستان بەو گازە کاردەکات کە لەلایەن کۆمپانیاکەیانەوە بەرهەم دێت.

دانەگاز روونکردووەتەوە” بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە وێستگەی کۆرمۆر گەیشتووەتە 440 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە، لەگەڵ بەرهەمهێنانی 15،700 بەرمیلی کۆندێسیت و 1،020 تۆن گازی شل. واتە بە گشتی رۆژانە 110،400 بەرمیل هاوتای نەوت بەرهەمدەهێندرێ، بەوەش دەبێتە گەورەترین وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە بواری گازدا لە تەواوی عێراق، دوای تەواوکردنی پڕۆژەی KM250 پلان داڕێژراوە بۆ دامەزراندنی هێڵێکی دیکە KM500 و بە تەواوکردنیان بەرهەمهێنانی رۆژانە لە 2024 بۆ یەک ملیار پێ سێجا بەرزدەبێتەوە”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە” کۆی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی کۆرمۆر زیاتر لە 2 ملیار دۆلار بووە و لە دەستپێکی کارەکانەوە تاوەکو ئێستا 332 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوت بەرهەمهێندراوە، هەروەها لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە بە گۆڕێنی سووتەمەنی گازی شل بۆ گازی وشک توانراوە رێگە لە بڵاوبوونەوەی 43 ملیۆن تۆن گازی دوانەئۆسیدی کاربۆن بگیرێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button