لە خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل چێ دەگوزەرێت؟

لڤین: تایبەت

ئیبراهیم خەلیل گەورەترین خاڵی سنووریی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق و هەرێمی کوردستانە، تەنانەت گەورەترین خاڵی سنووریی تورکیایە کە زۆرترین هاتووچۆی ئابووری ئەو وڵاتە کەوتووەتە ئەو خاڵە سنوورییەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی دەست لڤین کەوتوون، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠، تورکیا ٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بارهەڵگری شمەک و کاڵا لە خاڵە سنوورییەکانییەوە ئاڵوگۆڕی کردووە، لەو ژمارەیەک ملیۆنێک و ٩٠ هەزار بارهەڵگری لە رێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە بووە کە دەکاتە لەسەدا ٣٣ی کۆی بارهەڵگرەکان.

بەپێی زانیارییەکانی لڤین، لە کۆی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە، ٥٨٩ ملیار دینار بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لە داهاتی ئیبراهیم خەلیل گەڕاوەتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، بەو پێیەش هەر بارهەڵگرێک بە نزیکەی ٥٠٠ دۆلار داهاتی گومرگیی بۆ حکوومەت هەبووە.

کە ئەوەش نرخێکی یەکجار کەمە لەگەڵ ئەو باجەی دەخرێتە سەر بارهەڵگرەکان، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی لڤین، لە هەندێک باردا هەر بارهەڵگرێک بە بڕی ٤٠ هەزار دۆلار باجی لێوەردەگیرێت، وەک هێلکەی تروکاندن، کەلوپەلی کارەبایی و دەرمان و پێداویستی پزیشکی.

ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی ٢٠٢٠ قەیرانی ئابووری تەواوی جیهانی گرتەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە تەواوی وڵاتانی جیهان پەکی کەوت هەر بۆیە داهاتی خاڵە سنوورییەکە لە ساڵانی پێشووتر زۆر زیاتر بووە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی تایبەت کە دەست لڤین کەوتووە، بە قەبارەیەکی یەکجار گەورە داهاتی ئەو خاڵە سنوورییە بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا دەڕوات کە تەواوی ئەو داهاتەش لەسەر بەکاربەرانی ئەو شـمەکانە دەکەوێت کە هاوردە دەکرێن، ئەوەش بەو واتایەی ئەو پارە زەبەلاحە لە سەر حسابی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کۆ دەکرێتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تەنها بۆ پشکنیکی کۆرۆنا، کۆمپانیایەک بە ناوی (نیو ستاندارد) کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینیەوە دامەزراوە، لە ماوەی شەش مانگدا زیاتر لە ٥٠ ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە بەو پێیەی هەر کەسێک کە هاتووچۆی خاڵە سنوورییەکە بکات ٥٠ دۆلاری لێوەردەگیرێت، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێم خۆی دەتوانێت ئەو پشکنیانە لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە ئەنجام بدات.

ئەمە جگەلەوە ئەو کەسانەی پشکنینیان بۆ دەکرێت، راستەوخۆ خاڵە سنوورییەکە جێدەهێڵن بێ ئەوەی چاوەڕێی وەرگرتنەوەی ئەنجامەکەی بکەن، بەوەش ئەنجامدان و ئەنجام نەدانی پشکنینەکە هیچ کاریگەری لەسەر رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ناگرێت.

بەپێی زانیارییەکانی لڤین کۆمپانیای نیو ستاندارد لە خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەرانیش کار دەکات،  ڕۆژانە هەر بارهەڵگرێکی ئۆتۆمۆبێل کە داخڵی هەرێم دەبێت بۆ هەر ئۆتۆمۆبێلێک (١٠٠) هەزار دینار وەردەگرێت لەم رێگەیەوە ساڵانە ١٥٠ ملیار دیناری دەست دەکەوێت.

کۆمپانیایەکی دیکە بە ناوی کۆریدۆ، لە ئیبراهیم خەلیل دانراوە کاری ئەم کۆمپانیایە پشکنینی گورگییە، لە کابینەکانی پێشوودا حکوومەت خۆی پشکنینی گومرگی ئەنجام دەدا، بۆ هەر بارهەڵگرێک ١٥ هەزار دینار وەردەگیرێت کە ساڵانە زیاتر لە ١٥ ملیار دینار دەکات.

بیمەی تەندروستی بۆ ئەو کەسانەی هاتووچۆی خاڵە سنوورییەکە دەکەن کراوەتە مەرج، کۆمپانیایەک بە ناوەی ستار ساڵانە لە رێگەی ئەم بیمە ناچارییەوە ٤٠ ملیۆن دۆلاری دەست دەکەوێت.

ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەتی بە ناوەی دڵنیاییەوە هەیە و خۆی دەتوانێت ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ بەڵام دراوەتە کۆمپانیاکە.

جیا لەمانە، کۆمپانیایەکی دیکە بە ناوی جەبەل نەهزە کاری پێداچوونەوە مەنەفێست بارهەڵگرەکان دەکات، بۆ هەر بارهەڵگرێک ٢٥ دۆلار وەردەگرێت کە ساڵانە ٢٥ ملیۆن دۆلار داهات کۆدەکاتەوە.

پشکنین کردن بە ئامێری سکانەر دراوە بە کۆمپانیایەک بە ناوی هاند داون، هەر ئۆتۆمبێلێک ٥٠ دۆلاری لێ وەردەگیرێت بەوەش ساڵانە زیاتر لە ٥٠ ملیۆن دۆلاری لێوەردەگیرێت.

ئەم کۆمپانیایە لە بازگەکانی دێگەڵەش کار دەکات و بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بڕی ٣٠ هەزار دینار وەردەگریت، ئەوەی جێگەی سەرنجە، حکوومەتی هەرێم خۆی دەتوانێت ئەو ئەرکە بگرێتە دەست و داهاتێکی زۆر بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕێتەوە.

هەروەها کۆمپانیایەکی دیکە بۆ پاکژ کردنەوەی بارهەڵگرەکان لە کۆرۆنا دامەزرێندراوە ساڵانە ٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار کۆ دەکاتەوە.

هەر بەپێی راپۆرتەکە کۆمپانیایەکی دیکە بە ناوی ئەنتەرتیک دامەزرێنراوە، کاری ئەم کۆمپانیایە روون نییە، ئەرکەکەی بەراوردکردنی تایبەتمەندی کاڵا دەکات، بڕی ئەو پارەیەی لە بارهەڵگرەکانی وەردەگرێت جیاوازی هەیە، لەنێوان  ٧٠٠ دۆلار بۆ ٢٠٠٠ دۆلارە، کە داهاتی ساڵانەی ئەم کۆمپانیایە یەکجار خەیاڵییەوە لە ملیارێک دۆلار نزیک دەبێتەوە.

گەر سەرنجی ئەم داتایانە بدرێت دەردەکەوێت بۆچی حکوومەتی هەرێم ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرەکانی بدات، تەواوی داهاتی خاڵە سنوورییەکان بە ناوی کۆمپانیاوە دەچێتەوە گیرفانی بەرپرسانی باڵا.

ئایا کۆمپانیایەک بە بێ ئەوەی هیچ باجێک بداتە حکوومەت و سەر بە کەسانی دەستڕۆیشتووی ناو بنەماڵەی مەسعود بارزانی نەبێت دەتوانێت لە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل کار بکات؟

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button