هۆکار و شێوازی ڕووداوەکەی کۆمەڵگەی چڕەی سەربە قەزای شێخان ئاشکرا دەکرێت

لڤین:

لە کۆمەڵگەی چڕەی سەربە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، درەنگانی شەوی ڕابردوو،  لە ئەنجامی درووست بوونی شەڕی لە نێوان دوو بنەماڵەدا لەسەر کێشەی زەوی و زار ژنێکی تەمەن ( ٣٠ ) ساڵ  کە بە سەردان گەڕابویەوە بۆ ماڵی باوکی کوژرا، کە دایکی سێ منداڵ بوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە ( ٢٥ ی نیسانی ٢٠٢١ ) لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، باوکی کچەکە ڕایگەیاندووە “من و ژمارەیەکی تر خاوەنی نزیکەى ( چوار هەزار و ٥٠٠ ) دۆنم زەوین، بەڵام کێشە لەسەر ( ٦٠٠ ) دۆنم دروست بووە و جوتیارەکان دەڵێن ئێوە زەوییەکانتان داگیرکردووە”.

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە “لە دادگا و لە ڕووی یاساییەوە کێشەکە چارەسەرکراوە و ڕێککەوتنمان کردووە و نوێنەری ئەو جوتیارانەش کە تەقەیان لێکردین واژۆیان کردووە، هەروەها لە وەزارەتی ناوخۆش ڕێککەوتن کراوە”.

سەبارەت بە ڕوداوەکەی دوێنێ شەو، ڕایگەیاندوە “شەوی ڕابردوو کاتژمێر 11:00 بەشێک لەو کەسانە وەک داگیرکەر هاتنەسەر ماڵمان و تەقەیان لە ماڵمان کرد”.

ئەوەشی خستەڕوو” لە کاتی تەقەکردنەکەدا تەنها کچ و بوکەکەى لە ماڵ بوون، لە ئەنجامدا گولـلەیەک بەر سەری کچەکەى کەوتووە کە چێشتخانەی ماڵەکەدا بووە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە”.

بەوتەی باوکی کچەکەى بۆ بەربانگ چووەتەوە ماڵی باوکی و ویستوویەتی دوای پارشێو بگەڕێتەوە.

دەربارەی کوژرانی کچەکەی، باوکی کچەکە باسی لەوەشکردوە، “کچەکەم هاوسەری هەیە و خاوەنی سێ منداڵ بوو، بە سەردان هاتبووەوە ماڵمان، تازە کچەکەم ڕۆشت داواکارم لە جەنابی سەرۆک کێشەکەم بۆ چارەسەر بکات”.

وێنەی ئەو ژنەی لە ڕووداوەکەدا کوژرا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button