من لە رەقس و سەمای سەرجادە ناترسم

لڤین: وەرەگیراوە لە فەیسبووکی کاوە شێخ عەبدوڵا
من لە رەقس و سەمای سەرجادە ناترسم، بەڵام حەقی خۆمە لە نوێژی سەرجادە بترسم.
من و تۆ و هەرهەموومان.. تو ئەو خوا کاممان دڵنیاین و متمانەمان هەیە بە دوکان و بازاڕ؟
کاممان لە بەنزینخانە دڵنیاین و متمانەمان بە بەنزینەکەی هەیە؟
کام دەرمانخانە و سەموونخانە و نانەواخانە، بەبێ ترس و گومان دەچین شتی لێبکڕین؟
کێمان هەیە دراوسێکەی بە هەڵسکەوتی چەوت و بێمەعنا هەراسانی نەکردبێ؟
ئێمە کێشەی نوێژمان نییە، کێشەی متمانەمان هەیە. ئێمە چاوپۆشیی لەهەموو ئەو خراپەکارانە دەکەین کە نوێژەکانیان بە جەماعەت لە مزگەوت دەکەن.
حاجییە و تاجرەو تەقریبەن هەموو نوێژەکانی لە مزگەوت دەکات، کەچی ڕۆژ نییە لیژنەکانی قایمقامییەت دوو فەردە خواردنی بەسەرچوو، یەک کۆڵ داودەرمانی خراپبوو کە مۆری تازەیی لێدراوی ئەم قۆڵبڕەی پێوەبووە، لەسەر رەفەی مارکێتەکان و ژێرزەمینی مەخزەنەکان نەدۆزرێتەوە کە ویستوویەتی بیفرۆشێ بە هاوزمان و هاونیشتمانیی و هاوقیبلەکەی!
تکایە خوتبە مەدە و بۆم مەنووسە: دینەکە جوانە و خەتای خەڵکە کە پێوەی پابەند نابێ. شتەکە پەیوەندی بە ناوەڕۆکی دینەوە نییە، بەڵام دیندارەکانی وڵاتی من چاوپۆشیی لە هەڵەو تاوان و خیانەتی یەکتر دەکەن و پێکەوە دەچنە سەفێک دەوەستن بۆ نوێژی جەماعەت.
نوێژی سەرجادەم زۆر بینیوە، بەڵام بارتەقای ئەوەو زیاتریش خراپە و مەترسییم بینیوە لە نوێژکەری جەماعیی و سەرجادە. بەڵام تائێستا رەقسی سەرجادە هیچ زەرەرێکی پێنەگەیاندووم.