وەزارەتی دارایی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە

لڤین:
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەموو وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەتەکەیان ئاگادار دەکاتەوە، بە زووترین کات تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2020 ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری نامەڵبەندی بکەن.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، پێش 1/5/2021 دەبێ تەرازووی پێداچوونەوە رادەست بکرێت و لە دواکەوتنی بەرپرسیاردەبن.
نووسراوێکی وەزارەتەکە کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەسەرەوەیە، رایگەیاندووە “لەمەودوا پێویستە مانگانە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی فەرمانگە نامەڵبەندییەکانتان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری نامەڵبەندی بکرێت”.
وەزیریدارایی لەو نوسراوەدا دەشڵێت: تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی فەرمانگە لە ماوەی 10 رۆژدا لە کۆتایی هەموو مانگێک دەبێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و بە پێچەوانەوە هەر فەرمانگەیەک لە کاتی دیاریکراو تەرازووی پێداچوونەوە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو نەکات پێشینەی مانگانەی بۆ خەرج ناکرێت.