هاوکاریە مرۆییەکان بۆ ئێزدییەکان دیارنەماون

لڤین:

بڕێکی زۆر پارە و هاوکاری بۆ ئێزدییەکان هاتووەتە عێراق، بەڵام تا ئێستا ئێزدییەکان لەو هاوکاریانە سودمەند نەبوون و میری ئێزدییەکانیش ئاشکرای دەکات بە شێوەیەکی دروست خەرج نەکراوە و گەندەڵییان تێدا کراوە.

نایف بن داود، میری ئێزدیان بە ڕۆژنامەی سەباحی  فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، لایەنە بەخشەرەکان لەدوای ئازادکردنی شەنگالەوە کۆمەکی بەردەوامییان ناردووە، بە نمونە ئیماراتی عەرەبی نزیکەی دوو ملیۆن و 700 هەزار دۆلار و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش84 ملیۆن دۆلار و پاپای ڤاتیکان و سەرۆک کۆماری عێراق و چەندانی دیکە کۆمەکیان بۆ شەنگال ناردووە.

میری ئێزدییەکان دەشڵێت: بەشێکی زۆری ئەوهاوکارییانە بە شێوەیەکی دروست خەرج نەکراوە و گەندەڵییان تێدا کراوە.

ئەو بەپێویستی دەزانێت لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای نەینەوا لیژنەیەک بۆ چاودێریکردنی کاری ڕێکخراوەکان پێکبهێنن و مانگانە ڕاپۆرت لەوبارەیەوە پێشکەش بە سەرووی خۆیان بکەن.

بن داود نمونەی گوندی سەباحیە دەهێنێتەوە کە 63 ماڵ و 74 خێزان و 414 هاووڵاتی تێدا نیشتەجێیە، پێنج ڕزگاربووی دەستی داعش و 70 کەسی خاوەن پێداویستی تایبەتی بێ چاودێری هەیە، خێزانەکان لە خوار هێڵی هەژارییەوە دەژین و ئاوی ئاودێری دەخۆنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا قوتابخانە و بنکەی تەندروستییان نییە ئەوەش نمونەی ئەوەیە کە هاوکاریەکان نە گەیشتونەتە شەنگال.

لە دوای کارەساتی ئێزدییەکان ژمارەیەکی زۆر رێکخراوی مرۆیی روویان لە ناوچەکە کرد و لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاری کردنی ئەو قوربانیانە دەسیان بە کارکرد.

مەحمود ئەعرەجی، ئەمینداری گشتیی گروپی شیعی شەنگال دەڵێت: تەنها 40٪ی ئەو هاوکارییانە بۆ هەموو ساڵێک خەرج کراوە، ئەم دۆسیە مرۆییە لەلایەن چەندکەسێکی سیاسیەوە ئیستغلال کراوە.

دوای کارەساتی شەنگال وڵاتانی هەرێمی و جیهانیش هاوکاریان لە ڕێی رێکخراوەکانەوە گەیاندە هەرێمی کوردستان و عێراق ئێزدییەکان دەڵێن ئەو هاوکاریانەیان بە دەستنەگەیشتووە.

خەلدون سالم، پسپۆری کاروباری ئێزدییەکان بە رۆژنامەی سەباح-ی ڕایگەیاندووە، کاری ڕێکخراوەکان متمانەی لەدەستداوە، زۆربەیان وەک پێویست ڕۆڵی خۆیان نەگێڕاوە، بۆیە دەبێت کۆنترۆڵی کاری ئەو ڕێکخراوانە بکرێت، بەتایبەت کە زۆربەی ناوچەکانی شەنگال خزمەتگوزاری پێویستیان نییە، بەڵام بەدەست پشتگوێخستنەوە بەتایبەت ناوچەکانی باشور دەناڵێنن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button