مستەفا کازمی ژمارەیەک بڕیاری بەپەلەی دەرکرد

لڤین:

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەهۆی ئاگرەکەی نەخۆشخانەی ئیبن  خەتیب ژمارەیەک فەرمانی دەرکرد و ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا بە شەهید هەژمار دەکرێن.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی کۆبونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیر و سەرکردە ئەمنییەکان و بەرپرسانی بەغداد ئەنجامدا و لەبارەی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگرەکەی‌ نه‌خۆشخانه‌ی (ئیبن خەتیب) گفتوگۆیان کرد.
لەو کۆبونەوەیەدا بڕیاردراوە هەموو ئەوانەی لە روداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە وەک شەهید هەژمار بکرێن و هەموو هەوڵەکانیش لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراق دەخرێتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان.

کازمی فەرمانیداوە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و بەڕێوەبەری ئاسایش و چاودێری نەخۆشخانەکە بکرێت، چونکە کەمتەرخەمی لە روداوێکی لەو جۆرەدا تەنها هەڵەیەک نییە، بەڵکو تاوانێکە دەبێت هەموو کەمتەرخەکان لە ئەستۆی بگرن.

بە گوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتویەتی: ڕوداوەکە پێشێلکردنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە بە هەموو مانایەک، نابێت ئەو جۆرە ڕوداوانە بەبێ سزا تێپەڕن.

هەر بە هۆی ئەو روداوەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە تیمێکی ئەمنی لەهەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنرێت بۆ دڵنیابوون لەپشکنینی ڕێوشوێنە سەلامەتییەکان لەهەموو نەخۆشخانە، هۆتێل و شوێنە گشتییەکان لەماوەی یەک هەفتەدا لەتەواوی عێراقدا.

بە گوێرەی بڕیاری کۆبونەوەکە پێویستە لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ڕوداوی نەخۆشخانەکە رابگەیەندرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button