پانۆرامای رووداوەكانی دوای تاڵەبانیی

لەغیابی تاڵەبانیدا..

– تەمەنی سەرۆكی هەرێم درێژكرایەوە
– رێككەوتنی پەنجا ساڵەی نەوت كرا.
– موچەو بودجەی كوردستان بڕا
– پەرلەمانی كوردستان داخرا.
– ریفراندۆمێكی ناوەخت كرا.
– ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان لەرووی سەربازییەوە لەدەستدرا
– سازانی نیشتیمانی لەكوردستان و بەغدا نەما.

لەماوەی دوای نەخۆشكەوتنی سەرۆك مامجەلال لە كۆتایی ٢٠١٣، تائێستا گرژیی سیاسی لەكوردستان بەردەوامە. لەماوەی ئەو نۆ ساڵەدا، چەندین گرژیی و ئاڵۆزیی هاتۆتە پێش، دەكرا روونەدات. یان بەشێوەیەكی دیكە مامەڵەی لەگەڵدا كرابا! لەو ماوەیەدا تائێستا كوردستان ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە، هەرچی پرۆژە هەبوو، هیچی سەركەوتوو نەبووەو دۆخی هەرێمی لەخراپ بەرەو خراپتر هەنگاوی ناوە كە دەكرێت بەمشێوەیە هەندێكیان بخەینە روو:

لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی بەماوەیەكی كەم، لەڕێی پەرلەمانی كوردستان و بەهاوكاریی بەشێك لەمەكتەبی سياسی پێشوی یەكێتیی، لە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٣ مانەوەی بارزانیی لە پەرلەمانی كوردستان بەبڕیارێك بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژكرایەوە! هەرچەندە قسەیەك هەیە گوایە بارزانی ئەو پێشنیارەی نەكردووە بەڵكو نێچیرڤان كردویەتی، بەڵام سەرەنجام ئەگەر ئەو درێژكردنەوەیە (عەیبە)یەكی سیاسی بوبێت، ئەوا جاری یەكەم پارتی و دواتر یەكێتیش دەگرێتەوە. چونكە زیانێكی گەورەی بەدیموكراسی و جێبەجێكردنی قانون گەیاند.

لەدوای ئەو رووداوە، پرۆژەی سەربەخۆكردنی ئابوریی هەرێمیان هێنایە گۆڕێ. لەكۆتایی ٢٠١٣ و لە ٢٨ تشرینی دووەم، پارتی رێككەوتنێكی پەنجا ساڵەی (نەوت)ی بەناوی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا مۆركرد. لە رێككەوتنەكەدا كە عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی (یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان)و جێگری سەرۆكی حكومەت لە وێنەكان دەركەوت. نەوتی كوردستان بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ رادەستی توركیا كرا. ئەم رێككەوتنە، سەرەتای ئەو ئاڵۆزییە ئابورییە بوو كە تائێستا خەڵكی كوردستانی گرفتار گیرۆدەكردووەو ئامادەنین ناوەرۆكی رێككەوتنەكەش ئاشكرا بكەن.

لەگەڵ بڕیاری ناردنە دەرەوەی نەوت لەژێر ناوی سیاسەتی ناوەختی (سەربەخۆكردنی ئابوریی) دەرگای خێروخۆشی بەرووی كوردستان داخرا! چونكە نە نەوتەكە سەربەخۆكراو نە بەهۆی نەوتەوە موچەو داهاتی پێویست بۆ حكومەتی هەرێم دەستبەركرا.

حكومەتی عیراق لەكۆتایی ٢٠١٣ بەروونی بەهەرێمی كوردستانی راگەیاند، چیدیكە پارە بۆ هەرێم نانێرن! لەورۆژەوە كوردستان روبەرووی دۆخێكی شپرزەو خراپی ئابوریی بویەوە. برسێتی و قاتوقڕی روبەرووی باشوری كوردستان بویەوە. بۆ خێرا فریاكەوتنی ئەو دۆخە بێ‌ بەرنامەو ناهەموارە، لەماوەی چەند ساڵێك حكومەتی هەرێم دەیان گرێبەستی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیاكانداكردو دۆسیەی نەوتی كوردستان گەلێك ئاڵۆزتربوو، كە دواتر دەركەوت زیاتر لە ٥٥%ی داهاتی نەوتی كوردستان بەهاوبەشی كۆمپانیاكانی حزب، بۆ كۆمپانیا بیانییەكان دەڕوات.

دوابەدوای ئەو رووداوانە، هێشتا دوو ساڵە درێژكراوەكەی تەمەنی بارزانیی وەك سەرۆكی هەرێم تەواو نەببوو، جارێكی دیكە گرژی و ئاڵۆزیی یەخەی كوردستانی گرتەوە. پارتی دەیویست جارێكی دیكە تەمەنی كاك (مەسعود بارزانیی) وەك سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان درێژبكرێتەوە، بەڵام هیچ دەریچەیەكی قانونی نەبوو. پارتی دەیویست لەپرۆژەی دەستوردا دەریچەیەك یان رێگایەك بدۆزێتەوە دیسان رێگابدات بارزانی خۆی كاندید بكاتەوە، بەڵام جگە لەیەكێتیی، لایەنەكانی دیكەش لەسەر پێشنیارەكەو هەوڵەكەی پارتی بۆ بارزانیی ناڕازیی بوون! سەرەنجام ئەمجارەیان پارتی بەبڕیاری باڵای پارتی پەرلەمانی بەرووی دیموكراسی و خەڵكی كوردستاندا داخست! لە ١٢ ئۆكتۆبەری ٢٠١٥ هێزەكانی پارتی لەبازگەی پردێ رێگریان لەسەرۆكی پەرلەمان كردو، وەزیرو كاربەدەستانی بزوتنەوەی گۆڕانیشیان لەحكومەت دەركرد! یەكێتیش لەم دۆخەدا بێدەنگی نواندو هیچ هەڵوێستێكی نەبوو. پارتی شوێنی وەزیرو كاربەدەستانی گۆڕانی بەناقانونی پڕكردەوە.

ئەو رووداوە، ئەزموونی گەلی كوردستان و ژیانی سیاسی لەهەرێمی كوردستان روبەرووی هەستیاریی و پرسیاری زۆر كردەوە. روداوەكە بووە لەكەیەكی گەورە لەمێژووی حكومڕانی كوردستان. دوای چەند رۆژێك، لەرێی فەرمانگەیەكی لاوەكی (ئەنجومەنی شورا)ی سەر بەحكومەت، بەپێچەوانەی هەموو بنەماو عورف و مەنتقێكی قانونیی لە ١٧/ ئابی ٢٠١٥ بەناوی ئەنجومەنی شوراوە، تەمەنی سەرۆكی هەرێم دوبارە بۆ دوو ساڵی دیكە درێژكرایەوە!

هێشتا دوكەڵی ئەو بارە ناهەموارە بەری ئاسمانی كوردستانی بەرنەدابوو، لەلایەك بارێكی ئابوریی زۆرخراپ رووی لەهەرێم كردبوو، لەلایەكی دیكە دۆخی سیاسی گەلێك خراپتر ببوو. لەسلێمانی و گەرمیان خەڵك هاتە سەر شەقام و داوای موچەو باشتركردنی ژیانیان دەكرد. خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەكان پەرەی سەندو بارەگای بەشێك لەحزبە سیاسیەكان لەسنوری سلێمانی سوتێنران. لەبەرامبەر ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانەی خەڵك و هێوركردنەوەیان، یاخود هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی گلەیی و خواستی فەرمانبەران و خەڵكی كوردستان، بارزانیی پشتیوانی لەخۆپێشاندەران نەكرد، بەڵكو لەگوتارێكیدا بەبۆنەی ئازادكردنی باشیك لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ زۆر توند قسەی لەسەر خۆپێشاندەران كرد. من نامەوێ‌ باسی وردەكاریی و ناوەرۆكی وتارەكەی بكەم، بەڵام لەو وتارەدا بارزانی پشتیوانی لەداوای خۆپێشاندەران نەكردو وەك تەرەفگیری بەرەی بەرامبەر خۆپێشاندەران كاردانەوەی بوو.

دوای ماوەیەكی دیكەو لەناوەڕاستی ٢٠١٧ بارزانی پرۆژەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هێنایە گۆڕێ. لەو پرۆژەیەدا بارزانی بەتەنها نەبوو. بەشێك لەمەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتیی پشتیوانیی بارزانیان كرد. وەك كۆسرەت رەسول عەلی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، نەجمەدین كەریم، عومەر فەتاح، مەلابەختیار، سەعدی ئەحمەد پیرە، بێگەرد تاڵەبانیی..تد دواتر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پەشیمانی خۆی بەروونی راگەیاند. ئەوەی جێی تێڕامان بوو، پرۆژەكە بەناوی بەرەو سەربەخۆیی بوو، كەچی زۆربەیان لێدوانیان دەدا كە بۆ سەربەخۆیی نییە! واتە جۆرێك لە سەرلێشێوانی پێوەدیاربوو.

لایەنەكانی دیكەی كوردستانیش، یەكگرتووی ئیسلامیی پشتیوانیی كرد، بەڵام ئەوانی دیكە بەدەنگێكی گەلیك كزو دەتوانین بڵێین بەرهەڵستی پرۆژەكەیان نەكردو بەترسەوە مامەڵەیان لەگەڵ پرسەكەدا كرد.

سەرباری ناڕەزایی توندی لایەنە سیاسییەكانی ناوخۆ، بەبنكەی جەماوەریی یەكێتیی و تەنانەت گروپێكی بێدەنگ لەناو پارتی كە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیارترین كەسیان بوو، لە٢٥ ئەیلولدا راپرسی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو. ئەم راپرسیە، بارودۆخێكی زۆرخراپی روبەرووی كوردستان كردەوە و پرۆژەیەكی سەركەوتوو نەبوو. لەسەرەتاوە پێشبینی دەكرا كوردستان بەرەو دۆخێكی ناهەموار دەبات.

لەدوای ریفراندۆم بەچەند رۆژێك هەوڵێكی نوێ‌ درا كاك مەسعود بكرێتە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، وەك جێگرەوە یان بەدیلی سەرۆكایەتی هەرێم. بەشێك لە سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی یەكێتیی یان ئەوانەی هاوسۆزی ریفراندۆم بوون جگە لەهێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، پشتیوانیی هەوڵەكەیان كرد، واتە بەشێك لە كۆنە مكتب سیاسیەكان پشتیوانیان لە پرۆژەكە كرد، بەڵام هیرۆ ئیراهیم ئەحمەد لە ٢ی ئۆكتۆبەر لەبەیاننامەیەكدا ئەو هەوڵەی شكست پێهێناو بەروونی پەشیمانیی خۆی لەپشتیوانیی ریفراندۆم راگەیاندو ئەنجومەنەكەشی بە مەجلیسی قیادەی سەورە ناوزەد كرد. ئەم بەیاننامەیەی هێرۆخان، بەتەواوی هەوڵی دروستكردنی ئەنجومەنێكی باڵای بەدیلی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم كۆتایی پێهێنا.

لە ناوەڕاستی تشرینی یەكەم، هێزەكانی عیراق بەپشتیوانیی ئێران و توركیاو هاندانی ئەمریكاو بەریتانیا “وەك پێشبینی دەكرا” پەلاماری ناوچە دابڕێنراوەكانیانداو زۆربەی ئەو ناوچانە دوبارە گێڕایەوە ژێر ركێفی ئەمنی عیراق! سەرەئەنجام زیانێكی مێژوویی بەخەڵك و بەخاكی كوردستان كەوت.

دوای ئەو رووداوانە، بارودۆخی سیاسی ئەوەندەی دیكە ئاڵۆز بوو، كوردستان كەوتە دۆخێكی گەلێك ناهەموار. بارودۆخی ئابوریی بەتەواوی شێوا، لایەنە سیاسییەكان دوركەوتنەوە لەگفتوگۆو تەنانەت دیداری تاكەكەسی. سەرەنجام پاشەكشەیەكی زۆر گەورە لەپرسی نەتەوەیی دروستبوو.

لە ٢٠١٨ لەئەنجامی هەڵبژاردنی كوردستان (ساختەكاریی زۆركرا) دوای ئیمزاكردنی نوێنەری یەكێتیی لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەژێر فشاری (چەند كەسێك لەناو یەكێتیی) لەسەر ئەنجامە ساختەكە، ٤٥ كورسی بۆ پارتی راگەیەنرا. دوای گفتوگۆی درێژو رێككەوتن، پارتی مەسرور بارزانی وەك سەرۆك وەزیران و نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم راگەیاند.

هەر لەو سەروبەندەدا پارتی چاوی بڕیە پۆستی سەرۆك كۆمار، سەرباری هەوڵی زۆر بۆ رێككەوتن، بەڵام تەوافوق كورد لەبەغدا بەتەواوی تێكچوو. بارزانی سور بوو لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ فوئاد حوسێن. بۆ یەكەمجار كورد بەبێ‌ رێككەوتنی ناوخۆ چووە ناو پەرلەمانی عیراق و سەرەنجام پارتی لە ٢ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٨ شكستی خوارد لە بەدەستهێنانی سەرۆكایەتی كۆمار. لەوە خراپتر، ئیدی تەوافوقی كورد لەبەغدا بەتەواوی تێكچوو! لەكاتێكدا پێشتر لیست و قەوارە كوردییەكان، یەكڕیزترین گروپ بوون لەبەغدا.

هێنانە پێشی مەسرور بارزانی، قۆناغێكی نوێی لەناوخۆی كوردستان و پارتی و كوردستان دروستكرد. سەبارەت بە پارتی هەندێك پێیانوابوو قۆناغی بەكردار گواستنەوەی دەسەڵات لەبارزانی باوك بۆ كوڕە گەورەكەی دەستی پێكرد، یان قۆناغێكی پێشكەوتوو وەك زەمینەسازیی بۆ ئەو گواستنەوەیە. لەبارەی كوردستانیش هاتنی مەسرور بارزانیی هەندێك پێیانوابوو مایەی هێزە بۆ حزكمڕانیەكە بەوپێیەی باوكی پشتیوانی دەكات، هەندێكیش پێیانوابوو ئەنجامەكەی گرژی و ئاڵۆزیی بەدوایخۆیدا دێنێت، چونكە پەیوەندی نێوان كاك مەسعودو یەكێتیی بەتایبەت ئاراستەی رادیكاڵ لەناو یەكێتیی، رەنگدانەوەی لەسەر رەوشی حوكمڕانی هەرێم دەبێت.

بەكردار، لەدوای پێكهێنانی ئەم كابینەیە، گرژی سیاسی لەنێوان پارتی و لایەنەكان، یان لانیكەم حكومەت و لایەنەكان زیاتربوو، جگە لەبەشێك لەناو یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان، هەموو بەروونی بێزاری خۆیان لە سیاسەتی حكومەت دەربڕی! دۆخی حوكمڕانی هەرێم قۆناغ دوای قۆناغ گرژی زیاتری بەخۆیەوە بینی، نەخاسمە دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كە لەكۆتایی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو.

سەرباری رێككەوتنی یەكێتیی و گۆڕان لەگەڵ پارتی لەسەر دابەشكردنی پۆست و جومگەكانی حوكمڕانیی لەنێوان هەر سێ‌ لایەندا، هاوكات شێوەی كاركردن و نەخشەڕێی كاركردن، بەڵام لەدوای دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێ‌، راستەوخۆ حكومەتێكی دیكەی سێبەر لەژێر ناو و ناونیشانی جیاواز لە ئەنجومەنی وەزیران و دەرەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بەناوی یاریدەدەرو راوێژكارانی سەرۆكی حكومەت دروستكرا! دامودەزگای بەدیل لەدەرەوەی وەزارەتەكان پێكهێنرا، دەسەڵاتی بەشێك لە وەزیرو كاربەدەستان درایە ئەو دامودەزگا سێبەرانە، دەستی كاربەدەستانی یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕانی بەست، هەموو هەڵسوكەوت و مەراسیم و سیمای ئەم حكومەتە “بەڕەنگێكی دیاریكراوی” حزبی كرا. لەهەمووی خراپتر، ئازادیی رادەربڕین و خۆپێشاندان، زۆر بەخێرایی پاشەكشەی كرد. مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ خۆپێشاندەران و چالاكوانانی بادینان كرا كە شەپۆلێك رەخنەو ناڕەزایی لەناوخۆو دەرەوە دروستكرد.

لەدوای زیاتر لە دووساڵی كابینەی حكومەت گرژییەكانی ناو حكومەت زیاتر بوون، پرسی بەیەكەوە كاركردن و بڕیاردان لەكوردستان زۆر خراپتر بووە، سیاسەتی مۆنۆپۆلكردن سیمای كاركردنەو متمانەی نێوان لایەنەكان زۆر لاوازبووە. كاركردن و بەیەكەوە بڕیاردانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەبەغدا نەماوە، تەنانەت لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانیش ناتوانن كۆك و هاودەنگ بن.

ئەوانەی سەرەوە باسیان دەكەین كورد وتەنی هێشتا خراپترمان لەبەردەمە، ئەگەر جاران هەنگاوەكان هێواش بوون بۆ بەرەو پێشەوەچوون، ئەوا لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوو لەبری بەرەو پێشچوون، هەنگاوی بەرەو دواوە دەنرێت. لەكوردستان دامەزراوەكانی حكومڕانی بەتەواوی بێ‌ بەهابوون، سازانی نیشتیمانیی و دیموكراسی و ئازادی لەپاشەكشەیەكی زۆر گەورەدایە.

خولاسەی كەلام، ئەو پاشەكشەیەی كوردستان لەدوای نەخۆشكەوتنی مامجەلالەوە دەستی پێكردووەو رویداوە، دەكرا رونەدات. ئەو بۆشاییەی مام دروستیكرد پڕبكرێتەوە یاخود لەكاریگەرییەكانی ئەو بۆشاییە كەمبكرێتەوە. ئێستاش دەرفەتێك ماوە ئەم دۆخەی ئێستا باشتر بكرێت، ئەو لێكترازانەی هەیە فراوانتر نەبێت، بەڵام كێ‌ بیكات؟

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button