هەفتە بازاڕی سلێمانی داده‌خرێت

لڤین:

قائیمقامیه‌تی سلێمانی،لە ڕاگەیەندراوێکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەس بووک ڕایگەیاند” ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، لەشکر حەمید، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە به‌هۆی پابه‌ند نه‌بون به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن و دانانی ئاوی له‌ده‌به‌نراو له‌به‌ر تیشكی خۆر و هه‌بونی بڕێكی زۆر خواردن و خواردنه‌وه‌ی ماوه‌به‌سه‌رچو، قائیمقامیه‌تی سلێمانی هەفتە بازاڕی سلێمانی/6 لە گەڕەکی بەکرەجۆ داده‌خات”.

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئاشکرای کردووە” بە‌پێی رێنماییه‌كان نابێت ئاوی له‌ده‌به‌نراو له‌ شوێنی گه‌رم و به‌رتیشكی خۆر عه‌مبار بكرێت یان بگوازرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌هۆی كارلێكی كیمیاییه‌وه ئاوی ناو ده‌به‌ پلاستیكه‌كان ده‌بێته‌ هۆكاره‌ كه‌مبونه‌وه‌ی به‌رگری له‌ش و زیان به‌ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی بۆ ( ٢٥ ) پله‌ی سه‌دی،‌ به‌شێكی پلاستیكه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئاوه‌كه‌‌ كارلێك ده‌كات ده‌بێته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ توشبون به‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌و تێكچونی هۆرمۆنه‌كان به‌تایبه‌ت له‌خانماندا”.

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئاماژەی بەوەیشداوە” پێش ئه‌وه‌ی ئاو بكرێته‌ ناو ده‌به‌پلاستیكه‌كان ‌ماده‌ی ئۆزۆن (O3) بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت له‌بری كلۆر، له‌كاتی به‌ركه‌وتنی ئۆزۆنه‌كه‌ به‌تیشكی خۆر، ماده‌كه‌ شیده‌بێته‌وه‌ بۆ (O2) له‌گه‌ڵ ئۆكسجینێكی چالاك، (O2) به‌بێ كێشه‌ له‌گه‌ڵ ئاو تێكه‌ڵده‌بێت، به‌ڵام مانه‌وه‌ی یه‌ك ئۆكسجین و به‌ركه‌وتنی به‌تیشكی خۆر، له‌ش توشی نه‌مانی به‌رگری ده‌كات”.

هەروەها هاتووە”ساڵی رابردو لەسەر دانانی ئاوی لەدەبەنراو یان گواستنەوەی لەبەر تیشکی خۆر، شوێنەکان روبەڕوی سزادان کراونەتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەمساڵ سزاکە قورستر دەبێت بۆ سەرپێچیکاران، داواکارم کارگە، کۆگا، مارکێت و هەمو شوێنەکان پابەندی رێنماییەکان بن بۆئەوەی ناچارنەبین سزایان بدەین”.

لە کۆتایدا لەشکر حمید، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووە” هەفتە بازاڕەکە پێشتر ئاگادار کرابوەوە کە ئاوی لەدەبەنراو لەبەرتیشکی خۆر و پلەی گەرمی بەرز دانەنێت بەڵام سەرپێچییەکەی چەند بارە کردوەتەوە بۆیە به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button