لاهور شێخ جەنگی:

داوا دەکەین کۆتایی بە گرتن و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووسان بهێنرێت

لڤین:

لاهور شێخ جەنگی، لە ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا پەیامێکی بڵاو کردوەوە ڕایگەیاند، “داوا دەکەین لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بە گرتن و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووسان بهێنرێت و ژینگەیەکی گونجاوتری کارکردنیان بۆ فەراهەم بکرێت”.

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە ساڵڕۆژی یادی 123 ساڵەی تێپەڕبوون بەسەر دەرچوونی یەکەم، ڕۆژنامەی کوردی پەیامێکی بڵاو کردوەوە.

لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە “ڕاگەیاندنی كوردی لە ڕابردوودا سەرباری ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی،‌ سەکۆیەکی بوێری ئازادی ڕاده‌ڕبرین بووە، لە ئێستاشدا ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری هەیە”.

لاهور شێخ جەنگی، هەر لە پەیامەکەیدا پشتیوانی بۆ ڕۆژنامەنووسان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند “ئێمە لە سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە کە پشتیوانیی هەموو ئەو میدیا و ڕۆژنامەنووس و دەنگەئازا و ئازادانەین کە لە چوارچێوەی یاسا و ئیتیکی کاری ڕاگەیاندندا پیشەییانە ڕووماڵی ڕووداو و زانیارییەکان دەکەن و ئەرکی میدیایی خۆیان جێبەجێ دەکەن”.

دەقی پەیامەکە:

لە یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و تێپەڕبوونی 123 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان وەک یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان دەکەم، هیوادارم کاروانی ڕاگەیاندنی کوردی بەردەوام لە گەشەسەندن و پێشکەوتندا بێت.

ڕاگەیاندنی كوردی لە ڕابردوودا سەرباری ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی،‌ سەکۆیەکی بوێری ئازادی ڕاده‌ڕبرین بووە، لە ئێستاشدا ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری هەیە لە گەیاندنی پەیام و زانیارییەکان و دەستنیشانکردنی کەموکورتی و نادادییەکان و درووستکردنی ڕایگشتی. ئێمە لە سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە کە پشتیوانیی هەموو ئەو میدیا و ڕۆژنامەنووس و دەنگەئازا و ئازادانەین کە لە چوارچێوەی یاسا و ئیتیکی کاری ڕاگەیاندندا پیشەییانە ڕووماڵی ڕووداو و زانیارییەکان دەکەن و ئەرکی میدیایی خۆیان جێبەجێ دەکەن، لە هەمان کاتیشدا داوا دەکەین لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بە گرتن و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووسان بهێنرێت و ژینگەیەکی گونجاوتری کارکردنیان بۆ فەراهەم بکرێت. درود بۆ گیانی هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی کە لە پێناوی  ئازادیی و پێشكه‌وتن و دیموكراسیی و گەیاندنی راستیدا شەهیدبوون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button