123 ساڵ بەسەر ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی تێدەپەڕێت

لڤین:
123 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ و لە 22 نیسانی 1898دا یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی ڕۆژنامەی “کوردستان” لە شاری قاهیرە دەرچوو، ئەوەش بووە یەکەم ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی.
ڕۆژنامەی “کوردستان” بە وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی ڕۆشنبیریی و ڕۆژنامەگەری کوردیدا دادەنرێت کە لەلایەن میقداد مدحەت بەدرخانەوە دەرچووە و چەند قۆناغێکی جیاوازی تێپەڕاندووە و 31 ژمارەی لێدەرچووە و لە چەند شوێنێکی جیاواز و بەپێی بارودۆخ ناوەڕۆک و پەیامەکەی گۆڕاوە .
ڕۆژنامەی کوردستان گۆڕانکاریی گەورەی دروستکرد لە لای تاکی کورد و بە زمانێکی سادە و هەستێکی قوڵ و دڵسۆزانە هەمیشە هانی تاکی کوردی دەدا تا بخوێننەوە و پێشبکەون لەگەڵ ئەمانەدا هەڵگری پەیام و بیری ئازادیخوازی بوو تاکی کوردی هۆشیار دەکردەوە تا داوای ماف و ئازادی بکات.
دواتر و بەتێپەڕ بوونی کات ڕۆژنامەگەریی لە ناو کورددا پەرەی سەند تا لە 9 ی تشرینی یەکەمی 1908 ڕۆژنامەی (كورد تەعاون و تەرەقی غەزەتە) لە ئیستەنبوڵ کە خاوەنی ئیمتیاز حاجی تۆفیق بەگ (پیرەمێردی شاعیر)بووە دەرکراوە و پیرەمێرد جگە لەم ڕۆژنامەیە چەندین ڕۆژنامەی تری دەرکردووە و خزمەتێکی زۆری بە رۆژنامەگەریی کوردی کردووە.
دواتر چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار دەرکراون و بەپێی سەردەم و بارودۆخ و بە پەیامی جیاوازەوە بەردەوام بوون تا گەشتووەتە ئەمڕۆ لە ئێستادا ڕۆژنامە گەریی لەکوردستان، سەرەڕای تێبیینییەکان، لە ئاستێکی باشدایە و تاڕادەیەک لەگەڵ پێێشکەوتنەکانی ڕۆژنامەگەریی جیهانی و ناوچەییەکاندا هەنگاو دەنێت هەیە و لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا ڕۆژنامەکان بە ئەلیکترۆنی کراون بەڵام هێشتا کۆمەڵێک ڕۆژنامە هەیە چاپ دەکرێن و بڵاودەکرێنەوە.
دوێنێ چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان بەکۆی دەنگی پەرلەمانتاران ڕۆژی 22 ی نیسان وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردستان دیاریکرد و هەموو ساڵێک بەفەرمی یاد دەکرێتەوە.