نێچیرڤان بارزانی:
پیشێلكاریی ڕۆژنامەوانی دەبێت بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت

لڤین:
نێچیرڤان بارزانی، ڕایگەیاند، هەر پیشێلكارییەكی بواری ڕۆژنامەوانی، دەبێت بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەشڵێت: نیگەرانیی قووڵم لەو دیاردە دزێو و زمانە ئاستنزمە دەردەبڕم كە لە بەشێكی میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردستاندا سەریهەڵداوە.
لە یادی(123) ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: “پشتیوانیی تەواومان بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەری نەگۆڕمان بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز، دووپات دەكەینەوە” جەختیش دەکەتەوە کە “هەر پیشێلكارییەكی بواری ڕۆژنامەوانی، دەبێت بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، دەڵێت: “نیگەرانیی قووڵم لەو دیاردە دزێو و زمانە ئاستنزمە دەردەبڕم كە بەداخەوە لە بەشێكی میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردستاندا سەریهەڵداوە، زمانێك نامۆ بە ئاكار و نەریتی کۆمەڵگەی کوردستان و بە مێژوو و كەلەپووری سەنگینی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دوور لە هەموو ئیتیك و بەهایەكی ڕۆژنامەوانی. دەبێ بە هەوڵی هەموو لایەك سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت و کۆتایی پێبێت”.
دەقی پەیامەکە:
پهیامی سهرۆك نێچیرڤان بارزانی له یادی ڕۆژی ڕۆژنامهگهریی كوردیدا
لە یادی(123) ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و(23) ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستاندا، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووسان و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. پشتیوانیی تەواومان بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەری نەگۆڕمان بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز، دووپات دەكەینەوە.
ڕەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ ڕۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێک، زامنە بۆ ئەوەی كایەی ڕۆژنامەگەری بتوانێت ئەركی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی ڕای گشتی و ڕۆڵی چاودێرانەی بەسەر کاری دامودەزگاكانەوە بە جۆرێك ببینێت كە ببێتە هاوبەشێكی كاریگەر لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسی و كۆمەڵگەدا.
چاوەڕوانین ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیارانە و پیشەیییانە، بە ڕەچاوكردنی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، ڕاستگۆ، هاوسەنگ و بێلایەن، كاری خۆیان بكەن و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سهقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو بگرن. هەر پیشێلكارییەكی بواری ڕۆژنامەوانی، دەبێت بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
بە چاوی ڕێزەوە لە ڕۆڵی ئەو دەزگا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆیییانە دەڕوانین کە بە ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە چاودێریی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ڕاپۆرتەكانیان بە یارمەتیدەر و ڕێنیشاندەر بۆ پتەوتركردنی زەمینە و پاراستنی ئازادییەكان دەنرخێنین.
هەر لەم بۆنەیەدا نیگەرانیی قووڵم لەو دیاردە دزێو و زمانە ئاستنزمە دەردەبڕم كە بەداخەوە لە بەشێكی میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردستاندا سەریهەڵداوە، زمانێك نامۆ بە ئاكار و نەریتی کۆمەڵگەی کوردستان و بە مێژوو و كەلەپووری سەنگینی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دوور لە هەموو ئیتیك و بەهایەكی ڕۆژنامەوانی. دەبێ بە هەوڵی هەموو لایەك سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت و کۆتایی پێبێت.
خۆشحاڵین کە دوێنێ پەرلەمانی کوردستان بڕیاری بۆ بە فەرمی ناساندنی 22ی نیسان وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەرکرد و لەم یادەدا دروود بۆ گیانی میر میقداد میدحهت بەدرخانی پێشەنگ و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەنێرین کە ژیان و پیشەكەیان خستە خزمەتی ئازادی و پێشکەوتنی گەلەكەیان و لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و گەشەپێدانی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا گیانیان سپارد. هیوادارم یادەكانی داهاتوو پێكەوە لە دۆخێكی باشتردا بكەینەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2021/4/22