هۆشداری دەدێت لە کەمبوونەوەی ئاستی ئاو بۆ ساڵی داهاتوو

لڤین:
بەهۆی کەمی رێژەی بارانبارین تەنها یەک تۆرباینی وەزارەتی کارەبا لە بەنداوی دووکان کار دەکات و بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی کارەباش هۆشداری دەدات لەوەی ساڵی داهاتوو بە هەمان شێوەی ئەمساڵ کەم باران بێت “ئاومان نابێت بۆ ژیانمان”
خالد سەلیم ئەحمەد، بەرێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی رایگەیاند: بەنداوی دوکان (۱٤) مەتر و بەنداوی دەربندیخانش (۱۸) مەتر له ئاستى پڕبوونى دابهزیوه.
ناوبراو هۆشداری دەدات لە مەترسی کەمبوونەوەی ئاو لەو دوو بەنداوە و دەڵێت: تەنها بەهۆی کەمبارانی ئەمساڵ ئاستی ئاو لە هەردوو بەنداودا زۆر کەمە و لە هەر ویستگەیەکیش تەنها (۱) یەک تۆرباین کاری پێدەکرێت و ئاستی ئاو دادەبەزێت.
ئەو دەشڵێت کەمبارانی ئەم ساڵ هەرێمی کوردستانی تەواو نزیک کردووەتەوە لە مەترسی کەمی ئاو ئەگەر ساڵی داهاتووش وەک ئەمساڵ بێت “گرنگی پێنەدرێت هەمووان گرفتار دەبین و ئاومان نابێت بۆ ژیانمان، پێویستیشه، وهك ئهگهرێك لهبهرچاوبگرێت و له ئێستاوه پلانى بۆ دابنرێت”.
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی، داوا لە حکومەت و وەزارەتەکان و پارێزگاری سلێمانی دەکات “پلانی ساڵی داهاتوو لە ئێستەوە دابنێن لەسەر هەمان رێژەی باران بارینی ئەم ساڵ وەکو خۆ ئامادە کردن و چارەسەر دۆزینەوە بۆ ساڵی داهاتوو”.
ئەو داوای لە وەزارەتى کارەباش کردووە لە رێگەی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمەوە بەکارهێنان و ئیشپێکردنی یەکەکانی ( تۆرباینەکانی ) هەردوو ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دوکان و دەربەندیخان لە ستراتیجی بەرهەمهێنانی کارەباوە بگۆرن بە ستراتیجی گل دانەوەی ئاو.