تورکیا هەنگاوەکانی داهاتووی پەیوەندیەکانی لەگەڵ میسر ئاشکرادەکات

لڤین:
لەسەرەتای مانگی داهاتوودا هەردوو وەزیری دەرەوەی میسڕ و تورکیا بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان کۆدەبنەوە.
مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند: بڕیاردراوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر ئاستی وەزارەتەکانی دەرەوە بەردەوام بێت.
ئەو ڕاشیگەیاند: کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی جێگرانی وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵات لە سەرەتای مانگی ئایاردا ئەنجام دەدرێت .
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دواتر لەگەڵ سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسڕ کۆدەبێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لە سەر دامەزراندنی باڵیۆز و باشکردنی ڕێگاکانی پەیوەندی لە داهاتوودا”.
هاوکات ئاژانسی ئەنادۆڵی نیمچە فەرمی حکومەت ڕایگەیاند “پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار سەرۆکایەتی دەکات، پێشنیازێکی پێشکەشی پەرلەمان کردووە بۆ پێکهێنانی گروپی دۆستایەتی لە نێوان تورکیا و میسردا”
مەولود چاوشئۆغلۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئێن تیڤی ووتی ” میسڕ بانگهێشتنامەیەکی پێشکەش بە وەفدی تورکی کردووە بۆ سەردانکردنی میسڕ لە سەرەتای مانگی داهاتوودا بۆ گفتوگۆ کردن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات”.
ئەوش دوای ئەوەهات کە ماوەی ڕابردوو هەردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا و میسڕ پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئانجامداوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات.