لە قامیشلۆ شەڕ لە نێوان چەکدارانی ڕژێمی سوریا و ئاسایشی رۆژئاوا ڕوویدا

لڤین:
ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی “بەرگری نیشتمانی ڕژێمی سوریا” هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی و ئاسایشیان داوە لە شاری قامیشلۆ و تەقەیان لە بنکەیەکیان کردووە، بەوهۆیەشەوە شەوی ڕابردوو پێکدادان لەنێوان هەردوولادا ڕوویداوە و ئەندامێکیان گیانی لەدەستداوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لەراگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، “ئەندامێکی هێزەکانی بەرگری نیشتیمانی حکومەتی سوریا لە دەوروبەری ناوچەی “ئەلوەحدە” لە شاری قامیشلۆ تەقەیان لە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانمان کردووە و بەهۆیەش ئەندامێکی هێزەکانمان دوای برینداربوونی، گیانی لەدەستداوە”.
ئەوەش هاتووە، هێزەکانی ئاسایش “بۆ ساتێکیش دووا ناکەون بۆ بەرگریی و نەهێشتنی هەموو ئەو هەوڵانەی کە لەلایەن میلیشیاکانەوە دەدرێت بۆ بەئامانجگرتنی خاڵەکانی ئاسایشمان و بڵاوکردنەوەی ناسەقامگیری بۆ خەڵکی ناوچەکە”.
بەپێی زانیارییەکان کاتژمێر 9:10 خولەکی شەوی رابردو هێزێکی “بەرگری نیشتیمانی ڕژێمی سوریا” لەکاتی تێپەڕبوونیان بەبەردەم بنکەیەکی ئاسایشی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەشاری قامشلۆ دەستڕێژی گولـلەیانکردوە.
ئاماژە بەوەشکرابوو، دواتریش لەلایەن هێزەکانی ئاسایش وەڵامی هێرشەکەی هێزی بەرگریی دراوەتەوە و لەکاتی ڕووبەڕبوونەوەکانیشدا ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش بەسەختی برینداربووە و دواتریش گیانی لەدەستداوە.