بەمەبەستی لابردنی لێبڕینی مووچە بانگهێشتی حکومەت دەکرێت بۆ پەرلەمان

لڤین:

لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند، سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا ٤٢ واژۆ كۆكراوەتەوە بۆ بانگهێشتی حكومەت و بەتایبەت مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆئەوەی سەردانی پەرلەمان بكەن تا لێبڕینی موچە نەمێنێت.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا ئەندام پەرلەمانەکە ئاشکرای کردووە چونكە بودجەی ٢٠٢١ی عێراق پەسەندكراوە، داهاتی ناوخۆ زیادی كردوە و بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار بەرزبوەتەوە، نرخی نەوت بەرزبۆتەوە بۆ سەرووی ٦٤ دۆلار، ئێستا هیچ بیانویەك نەماوە بۆئەوەی بەردەوامی بدرێت بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران.

لەبارەی نیازی حکومەت بۆ لابردنی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ئاماژی بەوەدا هیچ ئاماژەیەك نیە لەحكومەتەوە كە لێبڕینی موچە كەمبكاتەوە یاخود هەر نەیهێڵێت، بەپێی ماددەی 11ی یاسای بودجەش، ئەولەویەتی پارەكەی بەغدا دەبێت بۆ موچە بێت، ئەگەر لێبڕین بەردەوام بێت، جۆرێك لە ناپابەبەندبونی حكومەتی هەرێم دەردەخات بەرامبەر بە یاسای بودجە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button