ئامارێکی ترسناکی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێم ئاشکرا دەکرێت

لڤین:

لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، گەلاوێژ عوبێد ڕاپۆرتێکی لیژنەی تەندروستی خوێندەوە و ڕایگه‌یاند، لە ساڵی ( ٢٠٢٠ ) لە شاری ( هەولێر ٣٠٥٠ ) کەس تووشی شێرپەنجە بوون، لە ( سلێمانی و هەڵەبجەش ٢٥٠٠ ) کەس و لە پارێزگای (دهۆکیش ٧٠٠ ) کەس تۆمار کراوە.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەی لیژنەی تەندروستیدا هاتووە، جگە لەوەی ساڵ بە ساڵ ڕێژەکە زیاتر دەبێت، بەپێی ئەو تۆمارەی کە وەرگیراوە، مانگانە ٥٢٤ کەس لە هەرێم تووشی نەخۆشییەکە دەبن لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوان نزیکەی شەش ملیۆن کەسە، بەپێی ڕاپۆرتەکە ژمارەی توشبوون بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان ڕێژەیەکی بەرزە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو ئامارانەی وەرگیراون، ٩٠٪ی توشبووی هەرێمی کوردستانن و ١٠٪ی دیکەش شارەکانی خوارووی عێراقن.

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی لیژنەی تەندروستی كه‌ لە وەزارەتی تەندروستییەوە وەریگرتووە، لە ٢٠١٣ تا ساڵی ٢٠١٩، لە هەر ١٠٠ هەزار کەسێک لە هەولێر و دهۆک، ڕێژەی شێرپەنجە لە ٧٣ نەخۆشەوە بەرزبووەتەوە بۆ ١٧٣ نەخۆش.

سەبارەت بەوەی بەرزترین ڕێژەی تووشبوون بەو نەخۆشیە چ جۆرێکە، بەرزترین ڕێژەی شێرپەنجە لە نێو پیاواندا تۆمار کراوە کە شێرپەنجەی سییەکانە، دوای ئەویش شیرپەنجەی مەمکە کە لە ژناندا تۆمار کراوە، دوای ئەوانیش شێرپەنجەی گورچیلە و خوێن لە ڕیزبەندی دووەم و سێیەمی جۆری شێرپەنجەکانی هەرێمی کوردستانن.

لەبارەت هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووسبوون بەو نەخۆشیە لێژنەکە ڕایگەیاندووە، کێشەی سەرەکی نەخۆشییەکە لە هەرێمی کوردستان، جگە لە زۆربوونی حاڵەتەکان، هەروەها درەنگ کەوتنی پشکنینە کە لە زۆربەی نەخۆشەکاندا دووبارە دەبێتەوە کە لە کۆنترۆڵ دەرچوون، هۆکارەکەش ئەوەیە پشکنین لە هەرێمی کوردستان کەمە لەوبارەیەوە، هەر ئەوەش وایکردووە مردنی پێشوەختە بە نەخۆشییەکە بەرزببێتەوە، لەوانەش مردن بە شێرپەنجەی قۆڵۆن و مەمک و ملی منداڵدان.

لیژنەی تەندروستی وەک ڕێگاچارەیەکیش بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و کەمکردنەوەی خەرجی و لە هەمانکاتدا مردنی پێشوەختە، بە پێویستی دەزانێت خەڵکی بە ڕێگای جیاواز هوشیار بکرێنەوە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و وەبەرهێنان بکرێت لە خزمەتگوزاری پزیشکی و تاقیگەی پێشکەوتوو و دڵنیایی تەندروستی بدرێتە توشبووانی شێرپەنجە بۆ وەرگرتنی چارەسەرەکان، هەروەها سەنتەرێکی توێژینەوە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکە بونیاد بنرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button