لیژنەی تەندروستی پەرلەمان:

ئاماری مەترسیدار لە بارەی تووشبوون بە شێرپەنجە بڵاو دەکاتەوە

لڤین:

لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان ئاماری مەترسیدار لە بارەی تووشبوون بە شێرپەنجە بڵاو دەکاتەوە و ئاشکرایدەکات کە مانگانە ٥٢٤ کەس لە هەرێم تووشی شێرپەنجە دەبن.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا، لەلایەن لیژنەی تەندروستییەوە، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە زیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێم خوێندرایەوە.

ڕاپۆرتەکە لەلایەن گەلاوێژ عوبێد عوسمان، ئەندامی لیژنەکەوە خوێندرایەوە، کە تێیدا ئاشکرایدەکات، لە ساڵی ٢٠٢٠ لە شاری هەولێر سێ هەزار و ٥٠ کەس تووشی شێرپەنجە بوون، لە سلێمانی و هەڵەبجەش دوو هەزار و ٥٠٠ کەس و لە پارێزگای دهۆکیش ٧٠٠ کەس تووشی شێرپەنجە بوون.

ئاماژە بەوەشکرا کە ئەوە لە کاتێکدایە کە ساڵ بە ساڵ تووشبوون بە شێرپەنجە زیاتر دەبێت، بەپێی ئەو تۆمارەی کە وەرگیراوە، مانگانە ٥٢٤ کەس لە هەرێم تووشی نەخۆشییەکە دەبن لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم نزیکەی شەش ملیۆن کەسە، هەربۆیە ئەو ژمارەیە بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتوان بەرزە.

ڕاپۆرتەکەی لیژنەی تەندروستی ڕوونیشیکردوەتەوە کە بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە وەزارەتی تەندروستییەوە وەریانگرتووە، لە ٢٠١٣ تا ساڵی ٢٠١٩، لە هەر ١٠٠ هەزار کەسێک لە هەولێر و دهۆک، ڕێژەی شێرپەنجە لە ٧٣ نەخۆشەوە بەرزبووەتەوە بۆ ١٧٣ نەخۆش.

هەروەها بەرزترین ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە نێو پیاواندا تۆمار کراوە کە شێرپەنجەی سییەکانە، دوای ئەویش شیرپەنجەی مەمکە کە لە ژناندا تۆمار کراوە، پاشان شێرپەنجەی گورچیلە و خوێن لە ڕیزبەندی دووەم و سێیەمی جۆری شێرپەنجەکانی هەرێمی کوردستانن.

وەک ڕێگاچارە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و کەمکردنەوەی خەرجی و لە هەمانکاتدا مردنی پێشوەختە، راپۆرتەکە بە پێویستی دەزانێت خەڵکی بە ڕێگای جیاواز هۆشیار بکرێنەوە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و وەبەرهێنان بکرێت لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و تاقیگەی پێشکەوتوو و دڵنیایی تەندروستی بدرێتە توشبووانی شێرپەنجە بۆ وەرگرتنی چارەسەرەکان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button