سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان

بڕینی ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌موچه‌ی دادوه‌ران، كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ریان دروستكردوه‌

لڤین:

له‌نوسراوێكدا كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كراوە و وێنەیەکی دەست ( لڤین ) کەوتووە دادوه‌ر به‌نگین قاسم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی رایگه‌یاندوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دادوه‌ران و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی مه‌ترسی زۆر له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه‌، به‌هۆی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی پێیان سپێدراروه‌، ئێستا موچه‌كانیان به‌رێژه‌ی ٥٠% لێیبڕدراوه‌ هاوشێوه‌ی پله‌ تایبه‌ته‌كانی دیكه‌، ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ جێگه‌ی نیگه‌رانی له‌نێو چینی دادوه‌ران و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی، رۆژانه‌ داواكاریه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌، به‌وهۆیه‌ی ئه‌وان وه‌ك پله‌ تایبه‌ته‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ موچه‌كانیان كراوه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وان ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ قورسه‌یان له‌سه‌رشان نیه‌.

لەبەشێکی تری نوسراوەکەدا هاتووە، دادوه‌ران و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی ئێستا له‌دۆخێكی دارایی خراپدان ورده‌ ورده‌ خه‌ریكه‌ لێبڕینی موچه‌كانیان كاریگه‌ری زیاتری ده‌بێت له‌سه‌ر بژێوی ژیانیان، چونكه‌ ئه‌و شه‌ریحه‌یه‌ ته‌نها متمانه‌یان له‌سه‌ر موچه‌ی مانگانه‌كه‌یانه‌، بۆیان نیه‌ هیچ كارێكی دیكه‌ ئه‌نجامبده‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ی كاری خۆیان، بۆیه‌ به‌پێویستی ده‌زانین چاوخشاندنه‌وه‌ به‌و بابه‌ته‌ بكرێت و چاره‌سه‌ری بۆ بكه‌ن و رێگه‌ نه‌ده‌م به‌مشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بژێوی دادوه‌ران بكرێت.

لە کۆتای نوسراوەکەدا سەبارەت بە كۆی ژماره‌ی دادوه‌ران و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی ئاماژه‌ به‌وه‌كراوە، كۆی ژماره‌ی دادوه‌ران و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی له‌ئێستادا 408 كه‌سن، بارگرانیه‌كی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر بودجه‌ دروست ناكه‌ن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button