پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پێنج پرۆژە یاسا دەدات

بریارە سبەی سێشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و لەکارنامەی کۆبونەوەکەیدا پێنج پڕۆژەیاسا خوێندنەوە و دەنگدانیان بۆ دەکرێت.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یەکێک لەو تەوەرەکانی کۆبونەوەکە دەنگدان دەبێت لەسەر رێککەوتنی بەغداد و ریاز بۆ گواستنەوەی ئاسمانی.
لەکۆبوونەوەی سبەیدا دەنگ دەدرێت لەسەر پڕۆژەیاسای رێککەوتنی گواستنەوەی ئاسمانی لەنێوان کۆماری عێراق و شانشینی سعودیە، جگە لەوەش دەنگ دەدرێت لەسەر پڕۆژەیاسایەک بۆ راگرتنی دوو جار وەرگرتنی باج لەسەر کاڵا بارزگانییەکان و بەهەدەردانی دارایی کە پەیوەندی هەیە بە باج لەسەر داهات و سەرمایەی دارایی لەنێوان عێراق و کوەیت.
هاوکات لە تەوەری سێهەمی کۆبوونەوەکەدا دەنگ دەدرێت لەسەر یەکێتی یانە وەرزشییەکان و خوێندنەوەی سێێیەم دەکرێت بۆ پڕۆژەیاسای دەستبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکاران. خوێندنەوەی یەکەمیش دەکات بۆ پڕۆژەیاسای ئامار و رێکخستنی زانیارییە جوگرافییەکان.